نەتەنیاهوو: پێموایە ترەمپ دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ ئاگربەست

رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایدەگەیێنێت، پێیوایە گفتوگۆکانی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە رۆژی دووشەممەدا، یارمەتیدەر دەبێت بۆ پێشخستنی دانوستاندنەکانی ئازادکردنی بارمتەکانی غەززە و رێککەوتنی ئاگربەست.
 
رۆژی یەکشەممە، بنیامین نەتەنیاهوو، پێش ئەوەی بەرەو واشنتن بەڕێبکەوێت گوتی، شاندی دانوستاندنکاری ئیسرائیل کە بەشداری لە گفتوگۆکانی ئاگربەستدا دەکەن، رێنمایی روونیان پێیە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی ئاگربەست بەپێی ئەو مەرجانەی ئیسرائیل قبووڵی کردوون.
 
نەتەنیاهوو گوتیشی، "پێموایە گفتوگۆ لەگەڵ سەرۆک ترەمپ بە دڵنیاییەوە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ پێشخستنی ئەم ئەنجامانە." هەروەها جەختی کردەوە کە مکوڕە لەسەر دڵنیابوونەوە لە گەڕانەوەی ئەو بارمتانەی لە غەززە گیراون و نەهێشتنی هەڕەشەی حەماس لەسەر ئیسرائیل.
 
ئەمە دەبێتە سێیەم سەردانی نەتەنیاهوو بۆ کۆشکی سپی لەوکاتەوەی ترەمپ نزیکەی شەش مانگ لەمەوبەر گەڕاوەتەوە بۆ دەسەڵات.
 
گوشاری جەماوەری لەسەر نەتەنیاهوو زیادی کردووە بۆ مسۆگەرکردنی ئاگربەستێکی هەمیشەیی و کۆتاییهێنان بە شەڕ لە غەززە، هەنگاوێک کە هەندێک لە ئەندامە تووندڕۆکانی هاوپەیمانییە راستڕۆکەی دژایەتی دەکەن. 
 
حەماس رۆژی هەینی رایگەیاندبوو کە "بە رۆحێکی ئەرێنی" وەڵامی پێشنیازی ئاگربەستی غەززەی داوەتەوە کە لەلایەن ئەمریکاوە پشتیوانی لێدەکرێت، ئەمەش چەند رۆژێک دوای ئەوەی ترەمپ گوتی ئیسرائیل "مەرجە پێویستەکانی بۆ کۆتاییهێنان" بە ئاگربەستێکی 60 رۆژە قبووڵ کردووە.
 
نووسینگەی نەتەنیاهوو لە راگەیێندراوێکدا گوتی، ئەو گۆڕانکارییانەی حەماس داوای کردوون لە پێشنیازی ئاگربەستەکەدا "بۆ ئیسرائیل جێی قبووڵ نین". لەگەڵ ئەوەشدا، نووسینگەکەی رایگەیاند کە شاندەکە هێشتا دەچێتە قەتەر بۆ "بەردەوامیدان بە هەوڵەکان بۆ مسۆگەرکردنی گەڕانەوەی بارمتەکانمان لەسەر بنەمای پێشنیازەکەی قەتەر کە ئیسرائیل پێی رازی بووە."
 
نەتەنیاهوو چەندین جار رایگەیاندووە کە دەبێت حەماس چەک بکرێت، داوایەک کە گرووپە چەکدارەکە تا ئێستا رەتیکردووەتەوە باسی بکات.
 
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتی، لەگەڵ ترەمپ کار لەسەر ئەنجامەکانی شەڕی 12 رۆژەی مانگی رابردوو لەگەڵ ئێران دەکەن و هەوڵدەدەن زیاتر دڵنیا ببنەوە لەوەی تاران هەرگیز نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. گوتیشی، پێشهاتەکانی ئەم دواییەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەرفەتێکیان بۆ فراوانکردنی بازنەی ئاشتی رەخساندووە.