میدیای فەرمیی میسر: دانوستاندنی ناڕاستەوخۆی حەماس و ئیسرائیل دەستیپێکرد
رووداو دیجیتاڵ
میدیای فەرمیی میسر بڵاویکردەوە، لە شەرم شێخ شاندی دانوستاندکاری حەماس و ئیسرائیل دەستیان بە گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ کرد. دەشڵێت، دانوستاندنەکە بۆ گفتوگۆکردنە لەسەر میکانیزمێک بۆ ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتە و زیندانییەکان لەژێر رۆشنایی پلانی سەرۆکی ئەمریکا بۆ غەززە. ئەو دانوستاندنە بە نێوەندگیری وڵاتەکەیان و قەتەرە.
رۆژی دووشەممە، 6ی تشرینی یەکەمی 2025، میدیای فەرمیی میسر بڵاویکردەوە، شاندی دانوستاندکاری حەماس و ئیسرائیل دەستیان بە گفتوگۆکانیان لەبارەی وردەکارییەکانی پلانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئاگربەست کرد.
میدیای فەرمی میسر ئاماژەی بەوەشکردووە، شاندەکان "گفتوگۆی مەرجە بنەڕەتییەکان بۆ ئازادکردنی بارمتە و زیندانیان دەکەن" کە یەکانگیربێت لەگەڵ پێشنیازی سەرۆکی ئەمریکا بۆ راگرتنی جەنگ لە غەززە.
میدیای فەرمی میسر جەختی لەوەش کردووەتەوە، "نێوەندگیرە میسری و قەتەرییەکان لەگەڵ هەردوولا کاردەکەن بۆ دروستکردنی ئەو میکانیزمە" بۆ ئاڵوگۆڕی بارمتە و زیندانییەکان.
بەگوێرەی سەرچاوەیەکی ئەمنی میسری، شاندەکەی حەماس لەلایەن خەلیل حەییاوە سەرۆکایەتی دەکرێت. پێش کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ، حەییا لەگەڵ هەواڵگری میسر کۆبووەتەوە.
سەرچاوەیەکی باڵای فەلەستینی کە نزیکە لە سەرکردایەتیی حەماس رایگەیاند، دانوستاندنی گرووپەکە و ئیسرائیل چەند رۆژێک دەخایەنێت. راشیگەیاند: "پێشبینی دەکەین دانوستاندنەکان قورس و ئاڵۆزبن، چونکە داگیرکەر نیازی بەردەوامیدانی بە جەنگ هەیە".
ستیڤ ویتکۆف، نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە میسرە و داوای لە دانوستاندکارەکان کردووە بە خێرایی کار بۆ وەستاندنی جەنگ بکەن.
ئەم داوایە و کۆبوونەوەی شاندی هەردوولا لەکاتێکدایە بەگوێرەی بەرگریی شارستانیی غەززە، تەنیا ئەمڕۆ 7 کەس لە کەرتەکە بە بۆردوومانەکانی ئیسرائیل کوژراون.