وەزیری دەرەوەی ئەمریکا: خەریکی تاوتوێکردنی وەڵامەکەی حەماسین بۆ ئاگربەست
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گەیشتە تەلئەڤیڤ و لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی ئیسرائیلدا رایگەیاند "تاوتوێی وەڵامەکەی حەماس دەکەین بۆ ئاگربەست و هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ناردنی هاوکاریی زیاتر بۆ غەززە."
رۆژی چوارشەممە، 7-2-2024، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پێنجەم سەردانیدا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گەیشتە ئیسرائیل و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کۆبووەوە. بلینکن لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل رایگەیاند: "خەریکی تاوتوێکردنی وەڵامەکەی حەماسین بۆ گرێبەست. هیوادارین بەزووترین کات هەموو بارمتەکان ئازاد بکرێن."
ئەنتۆنی بلینکن، لەدوای سەرهەڵدانی جەنگی غەززە لە 7-10-2024 ئەمە پێنجەم جارە دێتە ناوچەکە و لەهەر جارێکیش سەردانی چەند وڵاتێک دەکات.
یەکەم وێستگەی وەزیرە ئەمریکییەکە، سعودیە بوو کە لە 4-2-2024 بوو؛ دواتر چووە میسر و پاشان قەتەر. ئەمڕۆش، بلینکن گەیشتە تەلئەڤیڤ و مژاری سەرەکیی سەردانەکەی بریتییە لە هەڵسەنگاندن و تاوتوێکردنی وەڵامەکەی حەماس بۆ ئاگربەست.
بەرپرسانی بزووتنەوەی حەماس لە رێگەی میسر و قەتەری نێوەندگیرەوە پێشنیاز و وەڵامی خۆیان بۆ داوایەکی نێوەندگیرەکان دایەوە کە لە 31-1-2024 بۆ حەماسیان ناردبوو بە مەبەستی راگەیاندنی ئاگربەستێکی تەواوەتی و کۆتاییهێنان بە شەڕ.
حەماس لە پێشنیازەکەی دەڵێت، "135 رۆژ ئاگربەستمان دەوێت؛ هێزەکانی ئیسرائیل بە تەواوی لە غەززە بکشێنەوە و فەلەستینییەکانی نێو زیندان ئازادبکەن، ئینجا هەموو بارمتەکان ئازاد دەکەین."
بلینکن هەروەها رایگەیاند: "هەموو لایەنەکان هەموو هەوڵێک دەدەن و هیوادارم بە ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە بەدەستبهێنین."
ئەو لەبارەی ناردنی هاوکارییەکان بۆ کەرتی غەززە گوتی: "ئەوەی لەدەستمان بێت دەیکەین بۆ ناردنی هاوکاری بۆ ئەوانەی پێویستیان پێیەتی."
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا روونیکردەوە کە ئەوان قسەیان لەگەڵ ئیسرائیل کردووە بۆ ناردنی هاوکاریی زیاتر بۆ غەززە.
ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل، لەلایەکی دیکەوە سەرکۆنەی "هەموو تووندوتیژییەک بۆ سەر هاووڵاتینی سڤیل"ـی کرد و گوتیشی: "هیوادارم پەیوەندییەکانمان لەگەڵ سعودیە ئاسایی ببێتەوە."
بڕیارە وێستگەی داهاتوو و کۆتایی بلینکن کەرتی رۆژئاوا بێت و سبەی 8-2-2024 بێت و لەگەڵ بەرپرسانی فەلەستین کۆببێتەوە.
دوایین ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە 24-11-2023 بوو کە هەفتەیەکی خایاند و تێیدا 105 بارمتە و 240 فەلەستینی ئاڵوگۆڕ کران.