قوبرس لەسەر گیانلەدەستدانی کچێکی 3 ساڵان قاچاخچییەکی سووریایی زیندانی دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

دادگەیەکی قوبرس ئەمڕۆ هەینی، قاچاخچییەکی سووریایی بە سێ ساڵ بەندکردن سزادا، لەسەر ئەوەی بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی کچێکی تەمەن سێ ساڵان لەنێو بەلەمێکی پڕ لە کۆچبەردا.
 
بەگوێرەی دادگەکە، قاچاخچییەکە تاوانبارە بەوەی زیاد لە توانای بەلەمەکە کۆچبەری سوارکردووە؛ بەلەمەکە 6 رۆژ لەنێو دەریادا بووە، بێ ئەوەی ئاو و خۆراکی پێویستی تێدا بێت و لە ئەنجامدا کچە بچووکەکە لە تینوێتیدا گیانی سپاردووە.
 
نووسینگەی داواکاری گشتیی قوبرس ئاماژە بەوە دەکات، پیاوە تاوانبارەکە تەمەنی 48 ساڵە. ئەو کۆچبەرانەیش کە ئەو هاووڵاتییە دەیویست بە قاچاخ لە بەلەمێکی بچووکی دارینی بێ هیچ سیستمێکی دەریاگەری و پەیوەندی بگوازێتەوە، ژمارەیان 60 کەس بووە و هەموویان خەڵکی سووریا بوون. 
 
بەڵگەنامەکانی دادگە دەریدەخەن، قاچاخچییەکە لە نیوەی رێگەدا بە کۆچبەرانی گوتووە، هەموو دەبە ئاوەکان فڕێبدەن بۆ ئەوەی ئەگەر گیران، نەزانرێت لە لوبنانەوە رۆیشتوون. 
 
بەلەمەکە 18ی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ بەڕێکەوتبوو، بەڵام بزوێنەرەکەی لەکارکەوتبوو و نزیکەی یەک هەفتە لە دەریای نێوەڕاست بووە، سەرەنجام زۆر لە کۆچبەران دەستیان کردبوو بە خواردنەوەی ئاوی دەریا و میزی خۆیان بۆ ئەوەی تێنوێتی خۆیان بشكێنن. 
 
دوای ئەوەی پاسەوانی کەناراوەکانی قوبرس بەلەمەکەیان دۆزیبووەوە، کچە بچووکەکە و دایکییان بە هێلیکۆپتەر گواستبووەوە بۆ نەخۆشخانە، بەڵام درەنگ بوو. پزیشکەکان نەیانتوانی ژیانی کچەکە رزگار بکەن. 
 
لە سێ ساڵی رابردوودا ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی گەیشتوونەتە قوبرس بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە، دوای ئەوەی وڵاتە ئەندامەکەی یەکێتیی ئەورووپا رێکاری تووندی گرتەبەر. 
 
حکومەتی ئەو وڵاتە دەڵێت، توانای وەرگرتنی پەناخوازی زیاتری نییە. 
 
بە گوێرەی نوێترین ئاماری حکومەت، ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی لە ساڵی 2022 گەیشتوونەتە قوبرس، 17 هەزار و 278 کەس بووە؛ پار بۆ 6 هەزار و 12 کەس دابەزیوە.