سوپای ئیسرائیل پۆستێکى تایبەت بە دانیشتووانی دروز لە سووریا و لوبنان دروست دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

سوپای ئیسرائیل دەڵێت، غەسان عەلیان، رێکخەری پێشووی هاوئاهەنگی چالاکییەکانی حکومەت لە ناوچەکانی یەهودا، سامرە و کەرتی غەززە پۆستێکی سەربازیی پێ سپێردراوە. عەلیان وەک بەرپرسی پەیوەندییەکان لەگەڵ هاووڵاتییانی دروز لە سووریا و لوبنان دەستبەکاردەبێت.
 
ئەم پۆستە نوێیە لەژێر چاودێری و فەرماندەیی باکووری سوپای ئیسرائیل دەبێت.
 
ئەرکی سەرەکیی عەلیان هاوئاهەنگی و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی تەلئەڤیڤ دەبێت لەگەڵ پێکهاتەی دروز لە ناوچە سنوورییەکانی باکوور، بەتایبەت لەو ناوچانەی لەژێر کاریگەریی ئاڵۆزییەکانی سووریا و لوبناندایە.
 
ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە، ئیسرائیل دەیەوێت لە رێگەی کەسایەتییە کاریگەرەکانی پێکهاتەی دروز لەنێو سوپاکەیدا، هەژموونی خۆی لە ناوچە ستراتیژییەکانی دەوروبەری بەرزاییەکانی گۆلان و باشووری لوبنان بپارێزێت.
 
عەلیان یەکێکە لە ئەفسەرە باڵا و ناسراوەکانی پێکهاتەی دروز لە ئیسرائیل و شارەزاییەکی زۆری لە مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیە ئاڵۆزەکانی ناوچەکەدا هەیە، هەروەها مێژوویەکی درێژی لەنێو دامەزراوەی سەربازیی ئیسرائیل دا هەیە.
 
لەدوای ساڵی 2011 و دەستپێکردنی شەڕی نێوخۆیی سووریا، ئیسرائیل بەردەوام هەوڵیداوە پەیوەندییەکی تایبەت لەگەڵ دروزەکانی سووریا لە پارێزگای سوەیدا و ناوچە سنوورییەکانی دیکە دروست بکات.