ئەمریکا بەندەرێک بۆ گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی لە غەززە دەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

بڕیارە ئەمریکا لە کەناراوەکانی غەززە بەندەرێک بکاتەوە بۆ ئەوەی لە رێگەیەوە هاوکاریی مرۆیی بگەیێندرێتە دانیشتووانی غەززە. 
 
چاوەڕوان دەکرێت جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بەرەبەیانی هەینی (بەکاتی هەولێر) لە گوتاری ساڵانەیدا بەشێوەیەکی فەرمی ئەو هەنگاوە رابگەیێنێت. 
 
بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن، بەندەرەکە لەلایەن سوپای ئەمریکاوە دروست دەکرێت؛ کاتی دەبێت و چەند هەفتەیەکی دەوێت بۆ ئەوەی تەواو بکرێت. 
 
هاوکارییە مرۆییەکان لە قوبرسەوە بە کەشتی بەڕێدەکەون کە هێزی ئەمنیشیان لەگەڵ دەبێت بۆ ئەوەی لە گەشتە دەریاییەکەیاندا یاوەریان بکەن. 
 
ئەوە لەکاتێکدایە، ئیسرائیل گەمارۆی غەززەی داوە و نایەڵێت بە ئاسانی هاوکاریی مرۆیی بە دانیشتووانی کەرتەکە بگات.
 
ئەو هاوکارییەی کە ئێستا بە خەڵکی سڤیلی غەززە دەگات، زۆربەی لە رێگەی فڕۆکەوە بە پەرەشووت لە کەناراوەکان بەردەدرێتەوە. 
 
ئەم هەنگاوەی ئەمریکا دوای ئەوە هات کە ئیدارەی بایدن شکستی هێنا لەوەی ئیسرائیل قایل بکات رێگە بۆ گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی خەڵکی غەززە خۆش بکات. 
 
بەرپرسێکی ئەمریکی لەو بارەیەوە دەڵێت، "ئێمە لەسەر ئیسرائیل ناوەستین. ئێستا کاتی سەرکردایەتیی ئەمریکایە."
 
بەندەرەکە "رۆژانە سەتان باری هاوکاریی مرۆیی و خۆراک بۆ دانیشتووانی غەززە دابیندەکات." 
 
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، 10 منداڵ لە باکووری غەززە بەهۆی بەدخۆراکییەوە مردوون و تەندروستیی غەززەش دەڵێت، لە تەواوی ناوچەکەی فەلەستین 16 منداڵ بەهۆی بەدخۆراکییەوە مردوون.
 
بەگوێرەی ئامارەکانی تەندروستیی غەززە، لە 2.3 ملیۆن دانیشتووی ئەو ناوچەیەی فەلەستین 1.8یان ئاوارە بوون.
 
نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەڵێت، 576 هەزار کەس کە دەکاتە یەک لەسەر چواری غەززەییەکان لە برسێتی کوشندەدا دەژین. 
 
نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوەش دەکات، لە هەر شەش منداڵی خوار تەمەن 2 ساڵی کەرتی غەززە یەکێکیان رووبەڕووی بەدخۆراکی کوشندە بووەتەوە؛ هەموو 2.3 ملیۆنەکەی دانیشتووی ئەو ناوچەیەش پشت بەو هاوکارییە نێودەوڵەتییە دەبەستن کە ئێستا پچڕ پچڕ و کەم دەگەیێندرێتە غەززە.