وەزیری بەرگریی ئیسرائیل بۆ لوبنان: یان چەک لە دەستی حیزبوڵڵا مەهێڵن، ئەگەرنا باجێکی قورس دەدەن

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هۆشداری بە سەرۆکی لوبنان دەدات و دەڵێت، ئەگەر چەک لە دەستی حیزبوڵڵا دانەماڵن، ئەوا باجیکی زۆر قورس دەدەن. دەشڵێت، بەیرووت بەڵێنی چەککردنی گرووپەکەیان پێدان، بەڵام پابەند نەبوون.
 
رۆژی شەممە 7ی ئاداری 2026، یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ستافی وەزارەتەکەی لە قودس-ئۆرشەلیم رایگەیاند، "تۆ (جۆزێف عەون، سەرۆکی لوبنان)، بەڵێنت دا پابەندی رێککەوتنەکە بیت و حیزبوڵڵا چەک بکەیت، بەڵام ئەمە رووی نەدا."
 
دەشڵێت، "ئێمە رێگە نادەین زیان بە کۆمەڵگاکانمان بگات، رێگە نادەین زیان بە سەربازەکانمان بگات و ئەگەر بژاردەکە لەنێوان پاراستنی هاووڵاتییان یان لێدانی لوبنان دا بێت، ئەوەی باجە تەواوەکەی دەدات، حکومەتی لوبنان و تەواوی خاکی لوبنان دەبێت."
 
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کرد، "بەرگریکردن لە هاووڵاتییان و سەربازەکانمان هەڵدەبژێرین و حکومەتی لوبنان و وڵاتی لوبنان باجێکی زۆر قورس دەدەن."
 
ئەو گوتانەی وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دوای ئەوە هات، رۆژی 28ی شوباتی ئەم ساڵ ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران و دواتر ئەویش بە مووشەک و درۆن وەڵامی دانەوە. رۆژی 2ی ئادار، حیزبوڵڵا دەستی بە هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل کردەوە، وەکو تۆڵەیەک بۆ کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران بە بۆردوومانی ئیسرائیل و ئەمریکا. 
 
لە نێوان تشرینی یەکەمی 2023 بۆ تشرینی دووەمی 2024، جەنگ لە نێوان حیزبوڵـڵا و ئیسرائیل دروستبوو. سەرەتا وەکو پاڵپشتییەک بۆ غەززە، گرووپەکە هێرشیکردە سەر ئیسرائیل. خاڵێکی ئاگربەست چەکدانانی حیزبوڵـڵا بوو بەڵام بە بیانووی پابەندنەبوونی ئیسرائیل بە ئاگربەست، چەکیان دانەنا. 
 
هەمان رۆژ، سوپای ئیسرائیل بۆردوومانی باشووری لوبنان و بەیروتی کرد. هەروەها، هۆشداریشی بە بەشێکی دانیشتووانی باشووری لوبنان و گەڕەکەکانی باشووری بەیروت کرد کە ماڵ و حاڵیان جێبهێڵن. 
 
رۆژی شەممە، 7ی ئاداری 2026، وەزارەتی تەندروستی لوبنان بڵاویکردەوە، بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە 294 کەس کوژراون و هەزار و 23 کەسی دیکەش بریندار بوون. دەشڵێت، بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ بەهاناوەچوونی لێقەوماو و برینداران.