سەرۆکی ئیمارات: دەتوانین بەرپەرچی هێرشەکان بدەینەوە


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئیمارات رایدەگەیێنێت کە وڵاتەکەی بە هەوڵی هێزە چەکدارەکان و دەزگا ئەمنییەکان دەتوانێت رووبەڕووی هەر هێرش و دەستدرێژییەک ببێتەوە. 
 
جەختیش لەوە دەکاتەوە کە ئاسایشی وڵات و سەلامەتیی هاووڵاتیان و نیشتەجێبووان لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە.
 
رۆژی شەممە، 7ی ئاداری 2026، شێخ محەممەد بن زاید ئال نەهیان، لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆرمی "ئێکس" پەیامێکی ئاراستەی گەلی ئیمارات، نیشتەجێبووان و میوانانی وڵاتەکەی کرد و رایگەیاند، "دەوڵەتی ئیمارات ئاسایش و سەروەریی خۆی و سەلامەتیی گەل و نیشتەجێبووان و میوانەکانی لە پێشینەی کارەکانی دادەنێت." دەشڵێت: "بە فەزڵی خودا ئیمارات توانای بەرپەرچدانەوەی ئەم هێرشانەی هەیە."
 
سەرۆکی ئیمارات سوپاسی هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی دەکات و دەڵێت، "ئەو ئاستە بەرزەی ئامادەیی و هاوئاهەنگییەی نێوانیان جێگەی شانازی و رێزە."
 
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، شێخ محەممەد بن زاید ستایشی هۆشیاریی کۆمەڵگەی ئیماراتی و نیشتەجێبووانی کرد و گوتی، "لە ئیمارات هەمووان ئیماراتین؛ بە خۆشەویستییان بۆ ئەم خاکە و بەخشینیان بۆی." ئاماژەی بەوەش کرد کە "نیشتەجێبووانی بیانی وەک هاوبەشی نیشتمان وان و لەم بارودۆخەدا خۆشەویستیی خۆیان بۆ ئیمارات بە کردەوە سەلماندووە."
 
وەزارەتی بەرگریی ئیمارات رایگەیاندووە، لە سەرەتای هێرشەکانی ئێرانەوە بۆ سەر وڵاتەکەیان، 1184 درۆن ئاراستەی ئەو وڵاتە کراون و 1110 یان لێ تێکشکێنراوە.