ئیسرائیل لە رۆژهەڵاتی لوبنان هێزی دابەزاند و شەڕ و پێکدادان لەگەڵ حیزبوڵڵا دروستبوو

 
رووداو دیجیتاڵ

سوپای ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی "دابەزینی"ی لە رۆژهەڵاتی لوبنان کرد و بەهۆیەوە شەڕ و پێکدادانی تووند لە نێوان هێزەکانی ئیسرائیل و چەکدارانی حیزبوڵڵا دروستبوو؛ وەزارەتی تەندروستیی لوبنانیش دەڵێت، لە هێرشە ئاسمانییەکاندا سێ کەس کوژراون و 16ی دیکەش برینداربوون.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، 7ی ئازاری 2026، سەرچاوەیەکی سەربازیی لوبنانی بە کەناڵی راگەیاند، لێکۆڵینەوە لە ئەگەری  ئۆپەراسیۆنێکی دابەزینی لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە لە شارۆچکەی "نەبی شیت" لە رۆژهەڵاتی لوبنان دەکەن.
 
هاوکات "مقاوەمەی ئیسلامی لە لوبنان - حیزبوڵڵا" لە راگەیێندراوێکدا وردەکاریی رووداوەکەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، کاژێر 10:30ی شەوی هەینی، چوار کۆپتەری ئیسرائیلی لە دیوی سووریاوە هاتوون و هێزێکی پیادەیان لە سێگۆشەی گوندەکانی (یافوڤا، ئەلخریبە و مەعرەبوونی) دابەزاندووە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی حیزبوڵڵا، هێزە پیادەکەی ئیسرائیل بەرەو گەڕەکی رۆژهەڵاتی شارۆچکەی "نەبی شیت" پێشڕەوییان کردووە، بەڵام لە کاژێر 11:30ی شەو لە نزیک گۆڕستانێک لەگەڵ چەکدارانی حیزبوڵڵا تووشی شەڕ و پێکدادانی تووند بوون.
 
حیزبوڵڵا دەشڵێت، دوای ئاشکرابوونی هێزەکەی ئیسرائیل، فڕۆکە جەنگی و کۆپتەرەکانی ئیسرائیل بۆ دابینکردنی رێڕەوی پاشەکشە بۆ هێزە پیادەکە، زیاتر لە 40 هێرشی ئاسمانیی چڕیان کردووە و "قەڵغانی ئاگرینیان" دروست کردووە.
 
لای خۆیەوە وەزارەتی تەندروستیی لوبنان ئاماری قوربانییەکانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە ئەنجامی ئەو هێرشە ئاسمانییانەی کرانە سەر شارۆچکەی نەبی شیت لە ناوچەی بیقاع، سێ کەس کوژراون و 16 کەسی دیکەش برینداربوون.
 
لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل سێ جار دەوروبەری شارۆچکەی "ئەلخریبە" و دوو جاریش دەوروبەری شارۆچکەی "نەبی شیت"یان لە ناوچەی بیقاع لە رۆژهەڵاتی لوبنان بۆردوومان کردووە.
 
تاوەکو ئێستا سوپای ئیسرائیل بە فەرمی هیچ روونکردنەوەیەکی لەبارەی ئامانجی ئەم ئۆپەراسیۆنە و وردەکارییەکەی نەداوە.