کوێت: 12 درۆن و 14 مووشەکى ئێرانمان تێکشکاند

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتى بەرگریى کوێت رایگەیاند، لە بەیانى هەینییەوە (6ى ئادار) ئێران 12 درۆن و 14 مووشەکى ئاراستەکردوون، بەڵام سەرجەمیان تێکیان شکاندوون.
 
شەممە 7ى ئادارى 2026، وەزارەتى بەرگریى کوێت لە راگەیێنراوێکدا رایگەیاند، بەیانى رۆژى هەینى، 6ی ئاداری 2026، بەرپەرچی شەپۆلێکی هێرشی مووشەکی و درۆنیان داوەتەوە کە لە ئێرانەوە ئاراستەى وڵاتەکەیان کرابوون.
 
لە راگەیێنراوەکەدا هاتووە، یەکەى بەرگریی ئاسمانیی کوێت توانیویانە (12) درۆن لە باکوور و نێوەڕاستی ئەو وڵاتە تێکبشکێنن کە ئاڕاستەیان کراوە. هەروەها 14 مووشەکیان لە باشووری ئەو وڵاتە تێکشکاندووە،  دوو لەو مووشەکانە لە دەرەوەی ناوچەی بە ئامانجگیراو کەوتوونەتە خوارەوە.
 
بەگوێرەى راگەیێنراوەکە ئەو هێرشانە تەنیا زیانی ماددییان لێکەوتووەتەوە، ئەویش بەهۆی کەوتنەخوارەوەی پاشماوەی تێکشکێنراوی مووشەک و درۆنەکان.
 
 لەدواى دروستبوونى جەنگى نێوان ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ى شوبات، کۆمارى ئیسلامى ئێران، کوێت و وڵاتانى دیکەى کەنداو بۆردوومان دەکات بە پاساوى ئەوەى بنکەکانى سوپاى ئەمریکای لێیە.