وردەکاریی هێرشەکانی 24 کاژێری رابردووی ئێران بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە

رووداو دیجیتاڵ

لە حەوتەمین رۆژی هەڵگیرسانی جەنگ و وەڵامدانەوەکانی ئێران (لەژێر ناوی ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی راست 4") بۆ  هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل کە تێیدا عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران کوژرا، هێزە چەکدارەکانی ئێران هێرشێکی فراوان و فرەبەرەیان بە مووشەکی بالیستی، کرووز و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر ژمارەیەک وڵاتی عەرەبی، بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و ناوخۆی ئیسرائیل دەستپێکرد. ئەم پەرەسەندنە لە کاتێکدایە کە ئیسرائیل بە 50 فڕۆکەی جەنگی و 100 بۆمب، بارەگا و پەناگەی ژێرزەویی سەرکردایەتیی ئێرانی لە تاران بۆردوومان کردووە.
 
وردەکاریی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتانی دەوروبەر و ئامانجەکان
 
سعودیە
 
هێرشەکانی سەر سعودیە بەتایبەتی کەرتی نەوتی و سەربازییان کردووەتە ئامانج.
 
کێڵگەی نەوتی شەیبە: کە 800 کم لە بارەگای کۆمپانیای ئارامکۆوە دوورە و توانای بەرهەمهێنانی ملیۆنێک بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەیە، کرایە ئامانجی سەرەکی. سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی سعودیە لە چەند قۆناخێکدا 20 درۆنی ئێرانی لە بیابانی "روبعولخالی" پێش گەیشتنیان بە کێڵگەکە تێکشکاند.
 
پاڵاوگەی رەئس تەنورە: بە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کرایە ئامانج. بەرگریی سعودیە توانییان تێکیان بشکێنن، بەڵام کەوتنەخوارەوەی پارچەی درۆنەکان بووە هۆی ئاگرێکی سنووردار کە بەبێ زیانی گیانی کۆنترۆڵ کرا.
 
بنکەی ئاسمانیی ئەمیر سوڵتان: مووشەکێکی بالیستی کە ئاراستەی ئەم بنکەیە کرابوو، لەلایەن بەرگریی سعودیەوە تێکشکێنرا.
 
کوێت
 
کوێت یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین زیانی بەرکەوتووە لەم هێرشانەدا.
 
"خاتەمولئەنبیا"ی ئێرانی رایگەیاند، کە بە مووشەکی کرووز و بالیستی رادار، کۆگای سووتەمەنی و دوو هێڵی فڕینی بنکەی ئاسمانیی "عەلی سالم"ـیان لە کوێت وێران کردووە. هەروەها هێزی دەریایی ئێران هێرشی کردووەتە سەر "کەمپی عودەیری".
لە پایتەختی کوێت دەنگی تەقینەوەی گەورە بیستراوە و بەرگریی ئاسمانی بەردەوامە لە بەرپەرچدانەوەی هێرشەکان.
 
ئیمارات
 
سوپای ئێران رایگەیاند، کە بە چەکی زۆر ورد بنکەی "زەفرە"یان کردووەتە ئامانج و راداری پێشکەوتوو، کۆگاکانی چاککردنەوەی درۆنی MQ9، فڕۆکەی U2 و سیستەمی پاتریۆتی ئەمریکییان لەناوبردووە. هەروەها بنکەی "مینهاد"یش لەلایەن هێزی دەریایی ئێرانەوە کراوەتە ئامانج.
 
وەزارەتی بەرگریی ئیمارات رایگەیاند، کە رۆژی هەینی 9 مووشەکی بالیستی و 109 درۆنیان تێکشکاندووە و،3 درۆنیش لە ناوخۆی وڵاتەکە کەوتوونەتە خوارەوە. هەروەها ئاماژەیان بەوە کردووە کە لە سەرەتای هێرشەکانەوە 1184 درۆنی ئێرانی ئاراستەی ئەو وڵاتە کراون و 1110 یان لێ تێکشکێنراوە.
 
بەحرەین
 
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (CENTCOM) رایگەیاند کە ئێران 7 درۆنی هێرشبەری ئاراستەی گەڕەکەکانی بەحرەین کردووە.
 
بەپێی راگەیەندراوی ئێران و ئاژانسەکان، هێرشەکان بۆ سەر بنکەی سەربازانی ئەمریکا لە بەحرەین کوژراو و برینداری زۆری لێکەوتووەتەوە.
 
سوپای بەحرەین رایگەیاند کە 84 مووشەک و 147 درۆنیان لە سەرەتای جەنگەکەوە تێکشکاندوون.
 
قەتەر
 
سوپای ئێران بانگەشەی ئەوە دەکات کە بە درۆن و مووشەکی بالیستی رادار، کۆنترۆڵی هاتوچۆی ئاسمانی، پەیوەندیی مانگە دەستکردەکان و کۆگاکانی سووتەمەنیی بنکەی ئاسمانیی "عودەید"ی ئەمریکییان بە تەواوی وێران کردووە.
 
وەزارەتی بەرگریی قەتەریش رایگەیاند کە رووبەڕووی شەپۆلێکی 10 درۆنی بوونەتەوە، 9 یان تێکشکاندووە و یەکێکیان بەبێ هیچ زیانێک لە ناوچەیەکی چۆڵ کەوتووەتە خوارەوە.
 
هەرێمی کوردستان
 
شەوی هەینی 6ی ئاداری 2026، پارێزگاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو، نزیک کاژێر 11:00ی شەو، درۆنێک لە نزیک هۆتێل رۆتانا ئارجان و سکای تاوەری هەولێر کەوتە خوارەوە، درۆنەکە پێش ئەوەی ئامانجەکەی بپێکێت "تێکشکێندراوە."
کاژێر 10:41ی شەوی هەینی، هێزەکانی هاوپەیمانان چوار درۆنی بۆمبڕێژکراویان لە ئاسمانی هەولێر تێکشکاند و خستە خوارەوە. 
گرووپی (سەرایای ئەولیا دەم) کە یەکێکە لە گرووپەکانی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "ئەمڕۆ شەممە 7ـی ئاداری 2026، هێرشێکیان لە رێگەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە (درۆن) کرد و ئامانجێکی هەستیاریان لە سلێمانی پێکا."
 
هێرشەکان بۆ سەر ئیسرائیل و بەزاندنی ئاسمانی ئوردن
 
ئێران لە رۆژی هەینییەوە چەندین شەپۆلی نوێی لە مووشەکی بالیستی و درۆن (لە جۆری خەیبەرشکێن) ئاراستەی تەل ئەڤیڤ، بیئرشەبع، ناوچەکانی نزیک غەززە، قودس و کەناری رۆژئاوا کردووە.
 
بەپێی ئاژانسەکان و میدیا ئیسرائیلییەکان، مووشەکەکانی ئێران توانیویانە سیستەمی بەرگریی ئوردن لەسەر ئاسمانی شاری "عەقەبە" تێبپەڕێنن و بە لای کەمەوە 3 مووشەک بەر تەلئەڤیڤ کەوتوون.
 
لای خۆیەوە، سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە کە لە دوایین شەپۆلەکاندا زۆربەی مووشەکەکانیان بەرپەرچ داوەتەوە و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە. هەروەها ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کردووە کە 60٪ی سەکۆ مووشەکییەکانی ئێران و 80٪ی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئێرانیان لەناوبردووە.
 
گەرووی هورمز (شەڕی دەریایی)
 
تەلەڤیزیۆنی فەرمیی ئێران رایگەیاند، کە بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییەک لە گەرووی هورمز و ئاگری تێبەربووە.
 
پێشتریش گوتەبێژی سەربازیی ئێران رایگەیاندبوو کە تانکەرێکی نەوتهەڵگری ئەمریکی پاش بەئامانجگرتنی لەلایەن هێزەکانیانەوە ئاگری تێبەردراوە.