ئیسرائیل بە 80 فڕۆکەی جەنگی هێرشێکی چڕی کردە سەر تاران

رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ شەممە هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆسەر ئێران پێی نایە هەفتەی دووەمەوە، هێرشەکان بەردەوامن و دووکەڵ و ئاگر لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی "میهراباد" بەرز دەبێتەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پەیامێکی تووند ئاراستەی تاران دەکات و رایدەگەیێنێت، "خۆڕادەستکردنی بێ مەرج" تەنیا رێگەی بەردەم ئێرانە.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل شەپۆلێکی نوێ و بەرفراوانی هێرشەکانیان بۆ سەر جەرگەی پایتەختی ئێران دەستپێکرد.
 
هێزی ئاسمانی: زیاتر لە 80 فڕۆکەی جەنگی بەشدارییان لە هێرشەکەدا کردووە و نزیکەی 230 مووشەک و بۆمبیان بەسەر تاراندا باراندووە.
 
زانکۆی سەربازیی ناوەندی (لە باکووری رۆژهەڵاتی تاران)، ناوەندی هێزی ئاسمانی سوپای پاسداران و سەکۆکانی هاویشتنی مووشەک کراونەتە ئامانج.
 
فڕۆکەخانەی میهراباد: میدیا فەرمییەکانی ئێران دیمەنی ئاگرکەوتنەوەیەکی گەورەیان لەنێو فڕۆکەخانەکەدا بڵاوکردەوە کە بەهۆی بۆردوومانەکانەوە کەوتووەتەوە.
 

 

 

سەرەڕای لێدانە قورسەکان، تاران هێشتا بەردەوامە لە وەڵامدانەوە. سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، سیستمی بەرگریی ئاسمانی بۆ بەرپەرچدانەوەی مووشەکەکانی ئێران چالاک کراون. لەلایەکی دیکەوە، ئیسرائیل بەرەی لوبنانیشی فراوانتر کردووە و دوای هۆشداری چۆڵکردن، گەڕەکی "زاحیە" لە بەیرووت بە تووندی بۆردوومان کرد. هەروەها، بە 50 فڕۆکەی جەنگی هێرشیان کردە سەر حەشارگەیەکی ژێرزەوی لە تاران کە پێشتر شوێنی مانەوەی خامنەیی بووە.
 
ئیسرائیل دەڵێت لە هەفتەی یەکەمی جەنگ ئەم ئامانجانەی پێکاون:
 
بەرگریی ئاسمانی: 80٪ی سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی ئێران تێکشکێنراون.
 
سەکۆکانی مووشەک: زیاتر لە 60٪ی توانای ئێران بۆ هاویشتنی مووشەک لەکار خراون.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆتایی بە هەموو دەنگۆیەک لەبارەی نێوەندگیری هێنا و لە هەژماری خۆی نووسیویەتی:"بەبێ خۆڕادەستکردنی بێ مەرج، هیچ رێککەوتنێک لەگەڵ ئێراندا ناکرێت! ئێمە لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان کاردەکەین بۆ ئەوەی ئێران لە لێواری رووخان رزگار بکەین و ئابوورییەکەی بەهێز بکەینەوە، بەڵام ئەمە تەنیا دوای هەڵبژاردنی سەرکردەی پەسندکراو دەبێت."
 
ئەم لێدوانانەی ترەمپ هیواکانی بۆ دیپلۆماسی لەباربرد، دوای ئەوەی سەرۆککۆماری ئێران باسی لە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ نێوەندگیری کردبوو.