رێکخراوی نێودەوڵەتیی دەریاوانی: نزیکەی 1500 کەشتی و 20 هەزار دەریاوان لە کەنداو گیریان خواردووە


رووداو دیجیتاڵ

سکرتێری گشتیی رێکخراوی نێودەوڵەتیی دەریاوانی (IMO) سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، رۆژی پێنجشەممە لە پەنەما رایگەیاند، بەهۆی گەمارۆی ئێران لە تەنگەی هورمز، نزیکەی هەزار و 500 کەشتی و تیمەکانیان لە ناو ئاوەکانی کەنداودا گیریان خواردووە.
 
ئەو جەنگەی لە 28ـی شوباتی رابردوو لە لایەن ئیسرائیل و ئەمریکاوە دژی ئێران دەستیپێکرد، کاردانەوەی تووندی تارانی لێکەوتەوە و بووە هۆی داخستنی رێڕۆی ئاویی هورمز، کە یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوە بازرگانییەکانی جیهان.
 
ئارسینۆ دۆمینگێز، سکرتێری گشتیی (IMO) لە کۆنفرانسی دەریایی ئەمریکا گوتی: "ئێستا، نزیکەی 20 هەزار دەریاوان و نزیکەی هەزار و 500 کەشتی لە ناوچەکەدا دەستبەسەرن."
 
دۆمینگێز ئاماژەی بەوە کرد، زیاتر لە 80%ـی کۆی ئەو کاڵا و بەرهەمانەی لە جیهاندا بەکاردێن، لەڕێگەی گواستنەوەی دەریاییەوە دەگوازرێنەوە. دۆمینگێز گوتیشی، ئه‌و دەریاوانانەی کە لە ناو کەشتییەکاندا ماونەتەوە "خەڵکێکی بێتاوانن و رۆژانە تەنیا کارەکانی خۆیان بۆ بەرژەوەندیی وڵاتانی دیکە دەکەن، بەڵام ئێستا بەهۆی دۆخێکی جیۆسیاسییەوە کە لەژێر کۆنترۆڵی ئەواندا نییە، گیریان خواردووە."
 
پێش هەڵگیرسانی جەنگ، پێنجەکی کۆی نەوت و گازی جیهان لە تەنگەی هورمزەوە دەگوازرایەوە، بەڵام داخستنی ئەو رێڕۆیە بووەتە هۆی بازدانی گەورە لە نرخی سووتەمەنی لە ئاستی جیهاندا.
 
رۆژی دووشەممەی رابردوو، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی دەریایی بۆ پاراستنی کەشتییە گیراوەکان و ناچارکردنی ئێران بۆ کردنەوەی تەنگەکە راگەیاند، بەڵام دوای ماوەیەکی کورت بەهۆی "بەرەوپێشچوونی دانوستاندنەکان" ئۆپەراسیۆنەکەی راگرت.
 
ئێستا واشنتن چاوەڕێی وەڵامی فەرمیی تاران دەکات بۆ ئەو پێشنیازانەی مەبەست لێیان کۆتاییهێنانە بە جەنگ و دووبارە کردنەوەی تەنگەی هورمز.