حووسییەکان: کەشتییەکمان لە دەریای سوور بۆردوومان کرد

 
رووداو دیجیتاڵ 

حووسییەکانی یەمەن لە راگەیێندراوێکدا رایانگەیاند، کەشتییەکی بازرگانیان لە دەریای سوور بە ئامانجگرت و نزیکە لەوەی ژێرئاو بکەوێت. 
 
رۆژی 7ی تەممووزی 2025، یەحیا سەریع، گوتەبێژی حووسییەکانی یەمەن لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، توانیویانە کەشتی ماجیک سیس بە دوو بەلەمی بێ سەرنشین، پێنج مووشەکی بالیستی و کرووس و سێ درۆنەوە بۆردوومان بکەن.
 
حوسییەکانی یەمەن دوای دەستپێکردنی شەڕی غەززە لە ئۆکتۆبەری 2023، بەردەوامن لە بەئامانجکردنی ئیسرائیل بە مووشەک و درۆن. هەروەها، لە تشرینی دووەمی 2023ـەوە هێرش دەکەنە سەر ئەو کەشتییانەی دەریای سوور و کەنداوی عەدەن کە بە بڕوای خۆیان سەر بە ئیسرائیلن.
 
حوسییەکان، کە دەڵێن وەک پاڵپشتییەک بۆ فەلەستینییەکان ئەو کارە دەکەن، لە مانگی ئاداردا هێرشەکانیان دەستپێکردەوە، دوای ئەوەی ئیسرائیل ئاگربەستێکی دوو مانگەی لە غەززە شکاند و دەستی بە هێرشەکانی بۆ سەر غەززە کردەوە. 
 
گوتەبێژی حووسییەکانی یەمەن لەبارەی هێرشەکانی ئەمڕۆیانەوە رایگەیاند، کەشتییەکە نزیکە لەوەی ژێرئاوکەوێت و تەواوی تیمی کەشتییوانییەکە ناچاربوون بە بەلەم خۆیان رزگاربکەن. 
 
هێرشەکەی حووسییەکان دوای ئەوە هات کە ئیسرائیل بەرەبەیانی ئەمڕۆ رایگەیاند، زنجیرەیەک هێرشی کردووەتە سەر شاری حودەیدە و ناوچەکانی دیکەی ژێر کۆنترۆڵی حوسییەکان لە یەمەن.
 
سوپای ئیسرائیل لە تەلەگرام بڵاویکردەوە، تەنیا چەند کاژێرێک دواتر دوو مووشەک لە یەمەنەوە ئاراستەی ئیسرائیل کران و هەوڵی خستنەخوارەوەیان درا.
 
سوپاکە دەڵێت، ئیسرائیل هێرشیکردووەتە سەر ژێرخانی حوسییەکان و وێرانی کردووە"؛ ئاماژە بەوەش دەکات "بەندەرەکانی حودەیدە، رەئس عیسا و سەلیف لەنێو ئامانجەکاندا بوون."
 
سوپاکە هەروەها رایگەیاند، هێرشەکان وەڵامدانەوەیەک بوون بۆ هێرشە بەردەوامەکانی حوسییەکان بۆ سەر ئیسرائیل. 
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ، میدیای سەر بە حوسییەکان بڵاویکردەوە، ئیسرائیل بەندەری حودەیدەی کردووەتە ئامانج، هەروەها باسی لە هێرشکردنە سەر بەندەرەکانی رەئس عیسا و سەلیف و وێستگەی کارەبای رەئس کەسیب کرد.
 
هێرشەکان نزیکەی نیو کاژێر دوای ئەوە هاتن کە گوتەبێژێکی سوپای ئیسرائیل لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هۆشداری لە دەستپێکردنی هێرشەکان دا.
 
ئیسرائیل وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ هێرشەکانی حووسییەکان، چەندین جار هێرشی کردووەتە سەر یەمەن، لەنێویاندا هێرشکردنە سەر بەندەرەکان و فڕۆکەخانەی سەنعای پایتەخت.
 
یەکێک لەو ئامانجانەی ئیسرائیل دەڵێت پێکاویەتی، کەشتیی بارهەڵگری "گەلەکسی لیدەر"ە کە حوسییەکان لە تشرینی دووەمی 2023 دەستیان بەسەردا گرت و ئیسرائیلییەکان دەڵێن، سیستمی راداری تێدا جێگیرکراوە بۆ چاودێریکردنی کەشتییەکان لە دەریای سوور.
 
لە مانگی ئایاری ئەم ساڵدا حوسییەکان ئاگربەستێکیان لەگەڵ ئەمریکا راگەیاند، کە کۆتایی بە چەندین هەفتە لە هێرشی چڕی ئەمریکا هێنا، بەڵام بەڵێنیان دا بەردەوام بن لەسەر کردنەئامانجی کەشتییەکانی ئیسرائیل.