سعودیە گەورەترین گرێبەستی کڕینی درۆن لەگەڵ تورکیا واژۆ دەکات
رووداو دیجیتاڵ
هەریەک لە کۆمپانیای بایکار Baykar بۆ بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکی و کۆمپانیای نیشتمانیی سعودیە بۆ پیشەسازیی بەرگریی SAMI واژۆکردنی گرێبەستی کڕینی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی نەوەی دووەمیان لە جۆری AKINCI TİHA راگەیاند.
رۆژی 6ی ئابی 2023، هالوک بایراکتار، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بایکار Baykar لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) رایگەیاند، گەورەترین گرێبەستی فرۆشتنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی AKINCI TİHA لەگەڵ کۆمپانیای نیشتمانیی سعودیە بۆ پیشەسازیی بەرگریی SAMI سەر بە وەزارەتی بەرگریی ئەم وڵاتە واژۆ کرد.
هالوک بایراکتار راشیگەیاند، لە گرێبەستەکەدا هەریەک لە کۆمپانیاکانی ASELSAN بۆ سیستەمی ئاسمانی و ROKETSAN بۆ بەرهەمهێنانی مووشەک و رۆکێتی ژیر، هاوبەشی گرێبەستەکەیان بوون بۆ دابینکردنی سیستەمی بەرگریی و مووشەک بۆ فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی AKINCI TİHA و راهێنانی ئەفسەرانی سعودیە بۆ چۆنێتی بەکارهێنانی تەواوی سیستەمەکە.
لە چوارچێوەی گرێبەستەکەشدا، کۆمپانیای بایکار خزمەتگوزاریی مەشق و راهێنان، پاڵپشتیی تەکنیکی و خزمەتگوزاریی لۆجستیش پێشکەش دەکات.
هەمان رۆژ، وەزارەتی بەرگریی سعودیەش باسی لەوەکرد، گرێبەستەکە بە ئامادەبوونی وەزیری بەرگریی سعودیە و بەرپرسانی بەرگریی پیشەسازیی هەردوولا و سەرۆک و بەڕێوەبەرەکانی کۆمپانیاکانی تورکیا، لە سعودیە واژۆ کراوە.
بەگوێرەی میدیای فەرمیی تورکیا، یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن بۆ ئەم گرێبەستە لە رۆژی 17ی تەممووز بەسەرپەرشتی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە لەکاتی سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ سعودیە کراوە.
هالوک بایراکتار، پێشتر رایگەیاندبوو، پارساڵ بایی 4.1 ملیار دۆلار گرێبەستی فرۆشتنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان لەگەڵ 32 وڵات واژۆکردووە و بەشێکی زۆری داواکارییەکانیان جێبەجێکردووە و بۆیان هەناردە کردوون. هەروەها فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جۆری بایراکتار TB2پڕفرۆشترین جۆر بووە بەهۆی ئەوەی لە شەڕەکانی نێوان ئازەربایجان-ئەرمینیا لە هەرێمی قەرەباخ، سووریا و رۆژئاوای کوردستان، هەرێمی کوردستان، لیبیا و ئۆکراینا بەکارهاتووە و سەرکەوتنی زۆری تۆمار کردووە.
بایراکتار راشیگەیاند، ساڵی 2021 بە بەهای 3 ملیار و 200 ملیۆن دۆلار درۆنیان هەناردە کردووە و ئەمساڵ گرێبەستیان لەگەڵ 25 وڵات واژۆکردووە بۆ هەناردەکردنی درۆن.
کۆمپانیای بایکار خاوەنی 9 جۆر درۆنی هەواڵگریی، چاودێری و شەڕکەرە. بەناوبانگترینیان درۆنەکانی Bayraktar TB-2 کە پڕ فرۆشترینیانە و لە ئۆپەراسیۆنەکانی باکوور، باشوور و رۆژئاوای کوردستان، لیبیا، هەرێمی قەرەباخی ئازەربایجان، ئۆکراینا (شەڕی رووسیا - ئۆکراینا) تاقیکراونەتەوە. هەروەها پێشکەوتووترینی نەوەی پێنجەمیان AKINCI TİHAیە. هەروەها Kızılelmaیش، کە دەبێتە ئەلتەرناتیڤی فڕۆکەی ئێف-16 و بەفڕۆکەی شەڕکەری بێفڕۆکەوان ناسراوە و بڕیارە لە سێ مانگی یەکەمی 2024 رادەستی سوپای تورکیا بکرێت.