سعودیە پڕۆژەیەک بۆ ئاوەدانکردنەوەی سووریا رادەگەیێنێت

رووداو دیجیتاڵ
 
سعودیە چەند پڕۆژەیەکی مرۆیی بۆ سووریا راگەیاند، لەوانەش لابردنی پاشماوەکانی جەنگ لە دەوروبەری دیمەشق. ئەمەش چەند هەفتەیەک دوای واژۆکردنی گرێبەستی وەبەرهێنان بە بەهای ملیارەها دۆلار بۆ یارمەتیدانی ئاوەدانکردنەوەی ژێرخانی وڵاتەکە.
 
شانشینی سعودییە، پشتیوانێکی سەرەکیی حکومەتی نوێی سووریا بووە، کە لە مانگی کانوونی یەکەمی رابردوودا دوای هێرشێکی ئیسلامییەکان کە بەشار ئەسەد، فەرمانڕەوای دێرینی سووریای رووخاند، هاتە سەر حوکم.
 
لە بۆنەیەکدا کە رۆژی یەکشەممە 07-09-2025 لە دیمەشق بەڕێوەچوو، ناوەندی پاشا سەلمان بۆ یارمەتی مرۆیی و فریاگوزاری (KSrelief) کە سەر بە دەوڵەتی سعودیەیە، پاکێجێکی یارمەتی راگەیاند کە پڕۆژەی لابردنی زیاتر لە 75,000 مەتر سێجا لە پاشماوەکانی پایتەخت و دەوروبەری لەخۆدەگرێت.
 
عەبدوڵڵا رەبیعە، سەرۆکی رێکخراوە سعودییەکە و رائد ساڵح، وەزیری باری نائاسایی و بەڕێوەبردنی کارەساتەکانی سووریا، رێککەوتنێکیان بۆ ئەم دەستپێشخەرییە واژۆ کرد، کە پلانی دووبارە بەکارهێنانەوەی لانیکەم 30,000 مەتر سێجا لە پاشماوەی ماڵە وێرانبووەکان و بیناکانی دیکە لەخۆدەگرێت.
 
رائد ساڵح گوتی، پاشماوەکان رێگرن لە هەوڵە مرۆییەکان و ئاوەدانکردنەوە و "پاشماوەکانی جەنگ"ـی نەتەقیو هەڕەشە لە ژیانی هاووڵاتییانی سڤیل دەکەن.
 
رێککەوتنەکانی دیکەی رۆژی یەکشەممە ئەوە دەگەیەنن کە ریاز پشتگیریی ئاوەدانکردنەوەی 34 قوتابخانە لە پارێزگەکانی حەلەب، ئیدلیب و حومسی سووریا دەکات، هەروەها ئامێر بۆ 17 نەخۆشخانە لە سەرانسەری وڵات دابین دەکات، یارمەتی ئاوەدانکردنەوەی نزیکەی 60 نانەواخانە دەدات و ژێرخانی ئاوەڕۆ و ئاو لە دیمەشق نۆژەن دەکاتەوە.
 
عەبدوڵڵا رەبیعە گوتی، پڕۆژەکان هەوڵدەدەن "پێداویستییە بەپەلەکان چارەسەر بکەن" و "ئازارەکانی کەسانی لێقەوماو کەم بکەنەوە."
 
دوای رووخانی ئەسەد لە مانگی کانوونی یەکەمی رابردوودا، دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا هەوڵیان داوە وەبەرهێنان بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەو ژێرخانانە رابکێشن کە لە شەڕی ناوخۆی 14 ساڵەی وڵاتەکەدا وێران بوون.
 
لە کۆتایی مانگی تەممووزدا، ریاز بەڵێنی 6.4 ملیار دۆلاری دا لە گرێبەستەکانی وەبەرهێنان و هاوبەشی لەگەڵ سووریا.
 
شەڕەکە زۆربەی ژێرخانی سووریای وێران کرد و بەپێی خەمڵاندنەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، تێچووی ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکە زیاتر لە 400 ملیار دۆلار دەبێت.