پۆلیسی ئیسرائیل 'بە هەڵە' کچێکی سێ ساڵ لە قودس/ئۆرشەلیم دەکوژێت

 
رووداو دیجیتاڵ

ئۆتۆمبێلێکی فەلەستینی ویستی خۆی بەناو خاڵێکی پشکنیندا بکات و پۆلیسی ئیسرائیل تەقەیان لێکرد، لەو کاتەدا گولـلە بەر کچێکی سێ ساڵە کەوت، کە لەنێو ئۆتۆمبێلێکی دیکە بوو؛ پۆلیس دەڵێت، "بە هەڵە کوژراوە."
 
رۆژی یەکشەممە 07-01-2024 پۆلیسی ئیسرائیل رایگەیاند، "ئۆتۆمبێلەک ویستی خۆی بەناو خاڵێکی پشکنیندا بکات و بە تەقەکردن رامانگرت، لەو کاتەدا کچێکی بچووک کە لەنێو ئۆتۆمبێلێکی دیکە بوو، گولـلەی بەرکەوت و بریندار بوو."
 
بە گوتەی پۆلیس، رووداوەکە لە خاڵێکی پشکنینی رۆژهەڵاتی قودس/ئۆرشەلیم بووە. ماگن دەیڤد ئادۆم لە ئاژانسی تەندروستیی فریاکەوتنی ئیسرائیل دواتر رایگەیاند، "کچەکە تەمەنی سێ ساڵە و بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە."
 
لەبارەی رووداوەکەوە پۆلیس دەڵێت، ئۆتۆمبێلێک، کە ژنێک و پیاوێکی تێدابوو، گەیشتە خاڵی پشکنین لە نزیک شارۆچکەی بیدو لە کەرتی رۆژئاوا، شوفێرەکە بەبێ وەستان خۆی بە ئەفسەرێکی پۆلیسدا کێشا و برینداری کرد. پۆلیس تەقەی لێکردن و هەردوو سەرنشینەکەیان کوشت.
 
90 رۆژ بەسەر جەنگی غەززەدا تێپەڕیوە و بەگوێرەی بەرپرسانی تەندروستیی غەززە، نزیکەی 23 هەزار فەلەستینی کوژراون، لە بەرامبەریشدا، بەپێی ئامارەکانی سوپای ئیسرائیل لە سەرەتای ئۆپەراسیۆنە زەوینییەکەیانەوە بۆ سەر کەرتەکە، 175 سەربازی ئیسرائیل کوژراون.
 
رۆژی شەممە 06-01-2024 یواڤ گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دەڵێت، "حەماس غەززە بەڕێوەنابات. ئیسرائیلیش غەززەییەکان بەڕێوەنابات. دانیشتووانی غەززە فەلەستینین، بۆیە دەستەیەکی فەلەستینی سەرپەرشتیی دەکات، بەڵام بە مەرجی ئەوەی ئەو دەستەیە هیچ هەڕەشەیەک بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل دروست نەکات."
 
بەگوێرەی پلانەکەی گاڵانت، کە لە چوار قۆناخ پێکهاتووە، بەڵام تائێستا حکومەتی ئیسرائیلی بۆچوونی لەسەر نەداوە، لە یەکەم قۆناخدا ئەوەیە جەنگ بەردەوام دەبێت تاوەکو ئەو کاتەی حەماس لەنێودەچێت، سەرجەم بارمتەکان ئازاد دەکرێن و رێگە بە نیشتەجێبوونی جوو نادرێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئیسرائیل سەرپەرشتیی گشتیی ئەمنیەتی غەززە دەگرێتە ئەستۆ، بەڵام هێزێکی فرەنەتەوەیی پێکدەهێندرێت بۆ بونیاتنانەوەی کەرتەکە و دەسەڵاتێکی سڤیلی فەلەستینیش ئیدارەی دەدات.