سێنتکۆم: دوو هێرشمان کردە سەر سێ مووشەکی کرووزی حووسییەکان
رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا دەڵێت، لە دوو هێرشدا سێ مووشەکی حووسییەکانیان تێکشکاندووە، کە ئامادە کرابوون ئاراستەی دەریای سوور بکرێن و هەڕەشە بوون بۆ سەر هێزەکانی دەریایی ئەمریکا.
رۆژی پێنجشەممە، 8-2-2024، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا-سێنتکۆم لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە: "لە 7-2-2024 کاژێر 9:00 بە کاتی سەنعا [هەمان کاتی هەولێر] هێزەکانمان هێرشێکی خۆپارێزییان کردە سەر دوو مووشەکی دژە کەشتیی کرووزی حووسییەکان، کە ئامادەکرابوون ئاراستەی کەشتییەکانی دەریای سوور بکرێن."
سێنتکۆم هەروەها دەڵێت: "هێزەکانمان دوای دوو کاژێر و نیو هێرشی دووەمیان کردە سەر مووشەکێکی دیکەی کرووزی حووسییەکان کە بۆ ئاراستەکردن ئامادەکرابوو." دەشڵێت: "ئەم هێرشانە ئازادیی جووڵەی دەریایی دەپارێزن و رێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان سەلامەتتر دەکەن."
ئەمە لە کاتێکدایە کە شەوی 6-2-2024، دوو کەشتی لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەنی یەمەن لەلایەن چەکدارانی حووسییەوە بە نۆ مووشەکی بالیستی کرانە ئامانج.
ئەوکات هێزی دەریایی بەریتانی رایگەیاند، کەشتیی یەکەمیان لە باشووری دەریای سوور و نزیک لە بەندەری حودەیدییەی یەمەن بووە، زیانێکی کەمی بە کەشتییەکی بەریتانی گەیاندووە، بەڵام زیانی گیانی نەبووە و کەشتییەکەش توانیویەتی بەردەوام بێت.
دووەم کەشتی کە یۆنانی بووە، بە سێ مووشەکی بالیستیی حووسییەکان کرایە ئامانج، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی بەریتانیا توانیویانە یەکێک لە مووشەکەکان تێکبشکێنن، دوو مووشەکەکەی دیکە لە نزیک کەشتییە یۆنانییەکە کەوتوونەتە خوارەوە و زیانێکی کەمیان بە کەشتییەکە گەیاندووە.
لەدوای هێرشەکە، یەحیا سەریع، گوتەبێژی حووسییەکان بەرپرسیارێتی لەو هێرشە مووشەکییە راگەیاند.
لە 17 تشرینی دووەمی پارەوە، حووسییەکان زیاتر لە 30 هێرشیان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکانی نێو دەریا سوور و کەنداوی عەدەن کردووە، حووسییەکان دەڵێن، ئەو هێرشانە وەکو تۆڵەکردنەوەیەکە لە بەرامبەر بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە.
ئەو هێرشانە کێشەیان بۆ هاتووچۆی کەشتییە بازرگانییەکان لەو رێڕەوە دەریاییە نێودەوڵەتییە دروستکردووە کە ساڵانە 12٪ـی بازرگانیی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت و هەندێ لە کەشتییەکان لەپێناو سەلامەتییان، رێگەیەکی دوورتر دەبڕن.
دوایین چالاکیی سێنتکۆم پێش ئەم راگەیێندراوە هێرشکردن بوو بۆ سەر ئۆتۆمبێلێک لە شاری بەغدا و رایگەیاند، "فەرماندەیەکی کەتائیبی حیزبوڵڵا کە بەرپرسیاریێتی راستەوخۆی لە پلاندانان و بەشداریکردن لە هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە هەبووە، کوژراوە. تاوەکو ئێستا هیچ ئاماژەیەک بۆ زەرەر و زیان و قوربانییانی مەدەنی نییە."