سەرکردەیەکی باڵای حەماس چەکدانانی بزووتنەوەکەی رەت دەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرکردەیەکی باڵای حەماس دەڵێ، بزووتنەوەکەی نە دەستبەرداری چەک دەبێت و نە "دەستوەردان"ی بیانی لە غەززە قبووڵ دەکات، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ داواکارییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل.
خالید مەشعەل لە کۆنفرانسێکدا لە دەوحە گوتی، "بە تاوان ناساندنی بەرگری و چەکەکەی و ئەو کەسانەی هەڵیانگرتووە، شتێکە کە نابێت قبووڵی بکەین."
مەشعەل کە پێشتر سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەکە بوو، دەشڵێت، "تاوەکو ئەو کاتەی داگیرکاری هەبێت، بەرگریش دەمێنێت. بەرگری مافێکی گەلانە لەژێر داگیرکاریدا... شتێکە کە نەتەوەکان شانازی پێوە دەکەن."
ئەو ئاگربەستەی غەززە کە بە نێوەندگیری ئەمریکا کراوە، لە قۆناخی دووەمدایە کە چاوەڕوان دەکرێ چەکداماڵینی حەماس و کشانەوەی پلەبەندی هێزەکانی ئیسرائیل لە غەززە لەخۆبگرێت.
حەماس چەندین جار رایگەیاندووە، چەکدانان هێڵی سوورە، هەرچەندە ئاماژەی بەوە کردووە کە رەنگە بیر لە رادەستکردنی چەکەکانی بە دەسەڵاتێکی فەلەستینی لە داهاتوودا بکاتەوە.
ئێستا لیژنەیەکی تەکنۆکراتی فەلەستینی بە ئامانجی گرتنەدەستی بەڕێوەبردنی رۆژانەی کاروباری کەرتی غەززە پێکهێندراوە، بەڵام هێشتا روون نییە کە ئایا چۆن مامەڵە لەگەڵ پرسی چەکی حەماس و گرووپە چەکدارەکانی دیکەی غەززەدا دەکات. ئەم لیژنەیە لەژێر چەتری (دەستەی ئاشتی) کاردەکات کە دەستپێشخەرییەکی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایە.
خالید مەشعەل داوای لە (دەستەی ئاشتی) کرد کە "هەڵوێستێکی هاوسەنگ" پەیڕەو بکەن کە رێگە بە بنیاتنانەوەی غەززە و گەیشتنی هاوکارییەکان بە 2.2 ملیۆن دانیشتووانەکەی بدات، لە هەمان کاتدا هۆشدارییدا کە حەماس "فەرمانڕەوایی بیانی" لە خاکی فەلەستین قبووڵ ناکات.
مەشعەل گوتی، "ئێمە پابەندین بە پرەنسیپە نیشتمانییەکانمان و لۆژیکی بەڕێوەبردن، بەڵام دەستوەردانی دەرەکی یان گەڕانەوەی ئینتیداب بە هەر شێوەیەک بێت، رەت دەکەینەوە."
خالید مەشعەل ئاماژەی بەوەش کرد، "فەلەستینییەکان دەبێت فەرمانڕەوایی فەلەستینییەکان بکەن. غەززە هی خەڵکی غەززە و فەلەستینە. ئێمە فەرمانڕەوایی بیانی قبووڵ ناکەین."