تۆم باراک: هاوبەشیی ستراتیژیی دیمەشق و ریاز بۆ ئاوەدانکردنەوەی سووریا گرنگە

 
رووداو دیجیتاڵ

تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا، ستایشی ئەو رێککەوتنە ستراتیژییانەی کرد کە دوێنێ لەنێوان سووریا و سعودیە لە بوارەکانی وەبەرهێنان، فڕۆکەوانی و ژێرخاندا واژۆ کران.
 
تۆم باراک لە ئێکس نووسی، "دەستخۆشی لە رێککەوتنەکانی وەبەرهێنانی نێوان سعودیە و سووریا دەکەین کە ئەم هەفتەیە راگەیێندران. هاوبەشییە ستراتیژییەکان لە بوارەکانی فڕۆکەوانی، ژێرخان و پەیوەندییەکان بە شێوەیەکی کاریگەر لە هەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوەی سووریا بەشدار دەبن."
 
نێردەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم هەنگاوە لەگەڵ دیدگەی سەرۆکی ئەمریکادا دەگونجێت و گوتی: "وەک چۆن سەرۆک ترەمپ جەختی لێ کردووەتەوە، سەقامگیریی ناوچەیی کاتێک بەدی دێت کە وڵاتانی ناوچەکە خۆیان بەرپرسیارێتی داهاتووی خۆیان بگرنە ئەستۆ؛ ئەم هاوبەشییەش ئەو پرەنسیپە جێبەجێ دەکات."
 
رۆژی شەممە، بەرپرسانی سووریا و سعودیە چەندین رێککەوتنیان واژۆ کرد. تەڵاڵ هیلالی، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی سووریا رایگەیاند، رێککەوتنەکان دامەزراندنی هێڵێکی فڕۆکەوانیی "سعوودی - سووری" بۆ کەمکردنەوەی تێچووی گەشت و پەرەپێدانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی حەلەب لەخۆدەگرێ.
 
هەروەها پڕۆژەیەک بە ناوی پەیوەندی ئاوریشمی بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی پەیوەندییەکان و هێڵی ئینتەرنێت بە وەبەرهێنانی یەک ملیار دۆلار راگەیێندرا. 
 
خالید فالح، وەزیری وەبەرهێنانی سعودیەش لە رێوڕەسمەکەدا دامەزراندنی سندووقێکی وەبەرهێنانی بۆ پڕۆژە گەورەکانی سووریا راگەیاند کە کەرتی تایبەتی سعودیەش تێیدا بەشدار دەبێت.
 
ئەم وەبەرهێنانە گەورانە دوای ئەوە دێن کە ئەمریکا لە کۆتایی ساڵی 2025دا سەرجەم ئەو سزایانەی هەڵگرتن کە لەسەر سووریا مابوون.
 
هەفتەی رابردووش سووریا رێککەوتنێکی لەگەڵ کۆمپانیای (شیڤرۆن)ی ئەمریکی و کۆمپانیای (پاوەر ئینتەرناشناڵ)ی قەتەری واژۆ کرد بۆ گەڕان بەدوای نەوت و گاز لە کەناراوەکانیدا.