سوپای ئیسرائیل: لە 24 کاژێردا 400 ئامانجمان لە ئێران پێکا
رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، لە دوایین شەپۆلی هێرشەکانیان بۆ سەر ئێران، 400 شوێنی هەستیاریان بە سەرکەوتوویی کردوونەتە ئامانج.
کاژێر 13:10 خوولەکی رۆژی یەکشەممە 08-03-2026، سوپای ئیسرائیل بە زمانی فارسی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان راگەیێندراوێکی بلاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، لە 24 کاژێری رابردوودا شەپۆلێکی بەرفراوانی هێرشیان کردووەتە سەر ناوچەکانی رۆژئاوا و ناوەندی ئێران.
بەگوێرەی سوپای ئیسرائیل لە هێرشەکەدا زیاتر لە 400 شوێنی هەستیاری وەک بنکەی سەربازی، پاڵاوگەکانی نەوت و سەکۆکانی مووشەکییان بە سەرکەوتوویی پێکاوە.
راگەیێندراوەکەی سوپای ئیسرائیل لەکاتێکدایە کە دوێنێ شەو و بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هێرشێکی بەرفراوان کرایە سەر پاڵاوگەکانی نەوتی ئێران لە تارانی پایتەخت کە بەگوێرەی گرتەڤیدیۆکان، زیانی زۆری لێکەوتووەتەوە.
لە بەیانیی رۆژی شەممە 28ـی شوباتەوە هێرشێکی بەرفراوان و هاوبەشی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستا بەردەوامە.
لە وەڵامدا هێزە چەکدارەکانی ئێرانیش بەتایبەتی سوپای پاسداران چەندین هێرشی درۆنی و مووشەکییان کردووەتە سەر ئیسرائیل و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی ناوچەکە.