نەتەنیاهوو: نامانەوێت ئێران دابەشبکەین، بەڵکو دەمانەوێ رزگاری بکەین
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێ، دەیانەوێ ئێران رزگار بکەن و بە ئاشتی لەگەڵ ئەو وڵاتەدا بژین.
رۆژی یەکشەممە، 8ی ئاداری 2026، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە لە ئێکس بڵاویکردەوە رایگەیاند: "بە گەلی ئێرانی دەڵێم: دەیان ساڵە لەگەڵ ئێوە و بۆ ئێوە قسە دەکەم. ساتەوەختی راستی نزیک دەبێتەوە. ئێمە نامانەوێ ئێران دابەش بکەین، بەڵکو دەمانەوێ ئێران رزگار بکەین".
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەشڵێت، "دەمانەوێ لە چەپۆکی ستەمکاری رزگاری بکەین و لەگەڵیدا بە ئاشتی بژین. بەڵام دواجار، رزگاربوون لە ستەمکاری دەکەوێتە ئەستۆی ئێوە، ئەی گەلی ئازا و رەنجکێشی ئێران. بڕوام وایە ئەگەر لە ساتەوەختی دروستدا هەڵوێستتان هەبێت، ئەو رۆژە دوور نییە کە ئیسرائیل و ئێران ببنەوە دوو دۆستی ئازا".
ئەو گوتانەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کاتێکدان، رۆژی 28ی شوبات جەنگی واشنتن و تەلئەڤیڤ لەگەڵ تاران بە هێرشی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد و دواتر ئەویش بە مووشەک و درۆن وەڵامی هێرشەکەی دایەوە و ژمارەیەک هێرشیشی کردووەتە سەر وڵاتانی کەنداو، لەوانە عێراق.
حوسێن کرمانپوور، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ئێران دەڵێ، لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشەکانەوە 1221کەس کوژراون و ژمارەی بریندارەکانیش گەیشتووەتە 9 بۆ 10هەزار کەس.