سوپای ئیسرائیل: پێنج فەرماندەی ئێرانیمان لە بەیرووت کوشت
رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل دەڵێ، لە هێرشێکدا بۆ سەر هۆتێلێک لە بەیرووتی پایتەختی لوبنان، 5 فەرماندەی باڵای لقەکانی لوبنان و فەلەستینی سەر بە سوپای قودسی سوپای پاسدارانی ئێرانیان کوشتووە.
رۆژی یەکشەممە، 8ـی ئاداری 2026، سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، هێزە دەریاییەکانیان بە هاوئاهەنگی هەواڵگریی سەربازی، ئەو فەرماندە باڵایانەیان لە کاتی کۆبوونەوەیان لەنێو هۆتێلێک لە بەیرووت کردووەتە ئامانج.
بەپێی راگەیێندراوەکە، فەیلەقی لوبنانی هێزی قودس وەک پردێکی پەیوەندیی سەرەکی لەنێوان حیزبوڵڵا و ئێران کاردەکات و بەرپرسیار بووە لە هاوئاهەنگیی چالاکییەکان لە لوبنان.
بە گوتەى سوپاى ئیسرائیل، لەنێو کوژراوەکاندا ماجید حەسەنی هەبووە کە بەرپرسی گواستنەوەی پارە بووە بۆ حیزبوڵڵا، حەماس و گرووپە چەکدارەکانی دیکە، هاوکات بەرپرسی بەرهەمهێنانی چەکیش بووە بۆ حیزبوڵڵا.
هەروەها عەلی رەزا بای ئازەر، فەرماندەی لقی هەواڵگریی فەیلەقی لوبنان و ئەحمەد رەسووڵی، بەرپرسی هەواڵگریی فەیلەقی فەلەستین لە نێو کوژراوەکاندان.
هەر لەو هێرشەدا حوسێن ئەحمەدلوو، ئەندامی هەواڵگری و ئەبو محەممەد عەلی، نوێنەری حیزبوڵڵا لە فەیلەقی فەلەستین کوژراون.
سوپای ئیسرائیل باس لەوە دەکات کە "رێگە نادەین هێزەکانی سەر بە ئێران لەنێو خاکی لوبناندا جێگیر بن" و ئاماژە بەوە دەکات کە بەردەوام دەبن لە بەئامانجگرتنی فەرماندە باڵاکانی تاران لە هەر شوێنێک بن.
ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە، گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گەیشتوونەتە ئاستێکی بێ پێشینە.
هاوکات کارۆلین لێڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپى رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، هێزی دەریایی ئێران بەتەواوی لەنێوچووە و توانای مووشەکیی تاران بە رێژەی 90% دابەزیوە.