ئیسرائیل هۆتێلێکی لە ناوەندی بەیرووت بۆردوومان کرد؛ ئامانجەکەی کێ بوو؟


رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی تەندروستیی لوبنان رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر هۆتێلێک لەنێو جەرگەی شاری بەیرووت، لانیکەم 4 کەس کوژران و 10ـی دیکەش بریندار بوون. ئیسرائیل دەڵێت، لەو ئۆپەراسیۆنەدا فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسدارانی ئێرانی کردووەتە ئامانج.
 
بەپێی راپۆرتی وەزارەتی تەندروستی، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل ژوورێکیان لەنێو هۆتێلێکی ناوچەی (رەوشە) پێکاوە، کە ناوچەیەکی گەشتیاریی ناسراوی کەنار دەریایە. ژوورێکی نهۆمی چوارەمی هۆتێلەکە بە تەواوەتی سووتاوە و شوێنەواری وێرانکارییەکی زۆری پێوە دیارە. دەیان گەشتیاری ناو هۆتێلەکە بە ترس و دڵەڕاوکێوە و بە جانتاکانیانەوە هەڵاتن.
 
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، "هێرشێکی وردیان" کردووەتە سەر فەرماندە سەرەکییەکانی "فەیلەقی قودس." ئیسرائیل ئەو فەرماندانەی تۆمەتبار کرد بەوەی خەریکی داڕشتنی پلانی "هێرشی تێرۆریستی" بوون دژی ئیسرائیل و هاووڵاتیانی سڤیل. 
 
سوپای ئیسرائیل سووربوونی خۆی دووپاتکردەوە و گوتی: "بەردەوام دەبین لە لەناوبردنی وردی فەرماندەکانی رژێمی تێرۆریستی ئێران لە هەر شوێنێک بن."
 
ئەمە دووەم هێرشی ئیسرائیلە بۆ سەر هۆتێلەکان لە بەیرووت لەم هەفتەیەدا. رۆژی چوارشەممەی رابردووش، هۆتێلێکی ناوچەی (حەزمیە) لە نزیک کۆشکی سەرۆکایەتی و باڵیۆزخانەکان کرایە ئامانج. ناوچەی رەوشە کە ئەمڕۆ بۆردوومان کرا، لە جەنگی ساڵی 2024یشدا هیچ هێرشێکی نەکرابووە سەر، بەڵام ئێستا بەهۆی جەنگی ئێران و ئەمریکاوە، لوبنان بە تەواوەتی تێوەگلاوە.
 
هاوکات لەگەڵ ئەم بۆردوومانانە، حیزبوڵڵای لوبنان رایگەیاند، وەک وەڵامێک بۆ "دەستدرێژییە تاوانکارییەکانی ئیسرائیل،" زنجیرەیەک هێرشی مووشەکییان بۆ سەر بنکەکانی سوپای ئیسرائیل و شارە سنوورییەکان کردووە. هەروەها رێکخراوەکە ئاشکرای کرد، چاکدارانیان لە نزیک شارۆچکەی (عەیتەروون) لە سەر سنوور، لە پێکدادانی زەوینیی توونددان لەگەڵ هێزەکانی ئیسرائیل.