سوپای ئیسرائیل: بەرپەرچی 4 شەپۆلی مووشەکیمان دایەوە

رووداو دیجیتاڵ

بەرەبەیانیی رۆژی یەکشەممە، زەنگی ئاگادارکردنەوە لە سەرتاسەری ئیسرائیل لێدرا و سوپای ئەو وڵاتەش رایگەیاند، ئێران چەندین مووشەکی ئاراستە کردوون، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی زیانی گیانی و مادی بڵاونەکراوەتەوە.
 
سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەی بەرپەرچی لانیکەم "چوار شەپۆلی مووشەکی" داوەتەوە کە لە پێنج کاژێردا لە ئێرانەوە ئاراستەی خاکی ئیسرائیل کراون.
 
بەگوێرەی فەرماندەیی بەرەی ناوخۆی سوپای ئیسرائیل، زەنگی ئاگادارکردنەوە لە زۆربەی ناوچەکانی باکوور، باشوور و نێوەڕاستی ئیسرائیل لێدراوە، لە نێویشیاندا شارە گەورەکانی وەک تەلئەڤیڤ، حەیفا و بێرشێبا. فەرماندەییەکە فەرمانی بە دانیشتووان کردبوو بچنە حەشارگە و شوێنە ئارامەکان.
 
دواتر فەرمانی چوونە حەشارگەکان هەڵگیرا و سوپای ئیسرائیل رایگەیاند: "ئێستا لە هەموو ناوچەکانی وڵات رێگەپێدراوە هاووڵاتییان لە حەشارگەکان بێنە دەرەوە."
 
میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، ژمارەیەکی زۆر مووشەک ئاراستە کراون و زۆربەیان لەلایەن سیستەمی بەرگرییەوە تێکشکێندراون.
 
ئەم جەنگەی ئێستا کە لە 28ی شوباتەوە بە هێرشی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد، تاوەکو ئێستا بووەتە هۆی کوژرانی 10 کەس لەنێو ئیسرائیل بەهۆی هێرشە مووشەکییەکانەوە.
 
هاوکات، بەرەبەیانی ئەمڕۆ زەنگی ئاگادارکردنەوە لە ناوچەکانی باکووری ئیسرائیل و نزیک سنووری لوبنان لێدرا. لە سەرەتای جەنگەکەوە، گرووپی حیزبوڵڵای لوبنانی کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێ، چەندین درۆن و مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کردووە.