وردەکاریی هێرشەکانی 24 کاژێری رابردووی ئێران بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە
رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ پێنانە ناو دووەم هەفتەی جەنگی فراوانی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران کە لە 28ی شوباتی رابردووەوە دەستیپێکردووە، رۆژی شەممە 7ی ئاداری 2026 تاوەکو بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە شەپۆلێکی گەورە و فراوانی هێرشی مووشەکی و درۆنی لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێران و ئەو گرووپانەی خۆیان بە "موقاوەمەی ئیسلامی" دەناسێنن، کرایە سەر هەرێمی کوردستان، وڵاتانی کەنداو و ئیسرائیل. هێرشەکان قوربانیی سڤیل و سەربازییان لە هەولێر، سلێمانی، کوێت و ئیمارات لێکەوتووەتەوە.
هەولێر و سلێمانی ئامانجی درۆن و مووشەکن؛ دوو شەهید هەن
بە درێژایی رۆژی 7ی ئادار و بەرەبەیانی 8ی ئاداری 2026، چەندین هێرشی فراوان کرانە سەر هەولێر و سلێمانی. ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، شەوی رابردوو بە 10 درۆن هێرش کراوەتە سەر شاری هەولێر و ئامانجی سەرەکی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بووە.
پارێزگاری هەولێر گوتیشی، "سیستمی بەرگری کاری کردووە، بەڵام پارچەی یەکێک لەو درۆنە تێکشکێندراوانە لە نزیک شوێنی ئێشکگرتنی کارمەندانی ئاسایش کەوتووەتە خوارەوە، بەو هۆیەوە کارمەندێکی ئاسایشی فڕۆکەخانە بەناوی 'وڵات تاهیر' شەهید بوو، سێ کارمەندی دیکەش بریندارن." هەروەها پاشماوەی درۆنێکی دیکەش لە کۆگایەکی گوندی گەزنە کەوتووەتە خوارەوە و ئاگری لێکەوتووەتەوە.
لە سنووری پارێزگای سلێمانیش هێرشەکان چڕ بوون. دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، بە 6 درۆن هێرش کراوەتە سەر سلێمانی. بەگوێرەی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، "دوو جار لەسەریەک و بە چوار درۆن بارەگای هێزەکانی 70 کراوەتە ئامانج." هەروەها "بە دوو درۆنی دیکە هێرش کراوەتە سەر ناوچەی نزیک هەردوو بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان (UN) و نووسینگەی کۆنسوڵخانەی تورکیا." ئاسایش جەخت دەکاتەوە کە هێرشە درۆنییەکان زیانی مرۆییان نەبووە.
هەروەها کەمپەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە زڕگوێزەڵەی سنووری سلێمانی بە سێ مووشەک کرانە ئامانج. بەهۆی بۆردوومانەکەوە پێشمەرگەیەک بەناوی "ئیسماعیل رەحیمی" ناسراو بە ئاکۆ (خەڵکی شاری سەقز) شەهید بووە و پێشمەرگەیەکی دیکەش بریندارە. کۆمەڵە لە راگەیێندراوێکدا وێڕای پشتڕاستکردنەوەی شەهیدبوونی پێشمەرگەکەیان، دەڵێت: "ئەمە وەک دوایین پەلەقاژەکانی کۆماری ئیسلامییە و ورەی ئێمە بەم هێرشە تیرۆریستییانە نزم نابێتەوە."
لای خۆیەوە، گرووپی "موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق،" کە نزیکن لە ئێران، بەرپرسیارێتیی هێرشەکانی گرتە ئەستۆ و رایگەیاند، تەنیا لە 24 کاژێری رابردوودا 24 هێرشیان کردووە، بەمەش کۆی گشتیی هێرشەکانیان لە سەرەتای جەنگەکەوە گەیشتووەتە 197 هێرش.
کەنداو لەژێر ئاگری مووشەکدایە؛ قوربانی لە کوێت و ئیمارات هەن
وڵاتانی کەنداو رووبەڕووی شەپۆلێکی چڕی هێرشەکانی ئێران بوونەتەوە، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە سەرەڕای داوای لێبووردنی پێشووتری مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە وڵاتانی دراوسێ، تاران دواتر هەڵوێستی گۆڕی و بەڵێنیدا هێرشەکانی بۆ سەر هەر ناوچەیەک کە لە خزمەت بەرژەوەندییەکانی ئەمریکادایە، بەردەوام بێت.
کوێت
لە کوێت دۆخەکە زۆر ئاڵۆزە. وەزارەتی ناوخۆی کوێت کوژرانی دوو ئەفسەری ئاسایشی سنوورەکانی بە ناوەکانی "موقەدەم روکن عەبدوڵڵا عیماد شەراح و رائید فەهد عەبدولعەزیز موجەمەد" راگەیاند.
هاوکات وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتە ئاشکرای کرد کە 3 مووشەکی بالیستییان تێکشکاندووە، بەڵام درۆنێک راستەوخۆ لە کۆگاکانی سووتەمەنیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کوێتی داوە. هەروەها درۆنێکی دیکە لە باڵەخانەی سەرەکیی دەزگای دڵنیایی کۆمەڵایەتیی داوە و تیمەکانی بەرگریی شارستانی سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکانن.
بەهۆی ئەم دۆخەوە، کوێت بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوتی خاوی کەمکردووەتەوە و هێڵی ئاسمانیی کوێتیش ناچار بووە بۆ گەڕاندنەوەی نزیکەی 2000 هاووڵاتیی کوێتی کە لە دەرەوە گیریان خواردووە فڕۆکەخانەکانی سعودیە بەکاربهێنێت.
ئیمارات
لە ئیمارات بەرپرسانی دوبەی رایانگەیاند، کە شۆفێرێکی خەڵکی پاکستان بەهۆی کەوتنەخوارەوەی پاشماوەی مووشەکێکی تێکشکێنراو لە ناوچەی بەڕشا گیانی لەدەستداوە. هەروەها پاشماوەی مووشەک زیانی بە باڵەخانەیەک لە ناوچەی "مارينا" گەیاندووە.
فڕۆکەخانەی دوبەی (قەرەباڵخترین فڕۆکەخانەی جیهان) بۆ ماوەیەک داخرا. وەزارەتی بەرگریی ئیمارات ئاشکرای کرد کە لە سەرەتای جەنگەکەوە رووبەڕووی 221 مووشەکی بالیستی و زیاتر لە 1,300 درۆن بوونەتەوە.
محەممەد بن زاید، سەرۆکی ئیمارات جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی "لە قۆناخی جەنگدایە". بەهۆی دۆخەکەوە ئیسرائیل داوای لە هاووڵاتییانی کرد بەپەلە ئیمارات جێبهێڵن.
سعودیە
سعودیە رایگەیاند کە هێرشێکی درۆنیی بۆ سەر گەڕەکی دیپلۆماسی لە ریاز پووچەڵکردووەتەوە، هەروەها 3 مووشەکی بالیستی کە ئاراستەی بنکەی ئاسمانیی شازادە سوڵتان (بنکەی هێزەکانی ئەمریکا) کرابوون، لەگەڵ 17 درۆن کە بەرەو کێڵگەی نەوتیی شەیبە دەچوون، تێکشکێنراون.
قەتەر
وەزارەتی بەرگریی قەتەریش رایگەیاند، کە رووبەڕووی 10 مووشەکی بالیستی و دوو مووشەکی کرووزی ئێرانی بوونەتەوە کە توانیویانە زۆربەیان تێکبشکێنن و ئەوانی دیکەش لە ئاوە هەرێمییەکان و ناوچەی چۆڵەوانیدا کەوتوونەتە خوارەوە.
بەحرێن
لە بەحرێنیش حکومەت رایگەیاند، کە لە دەستپێکی جەنگەکەوە 92 مووشەک و 151 درۆنیان تێکشکاندووە و شەوی رابردووش بەهۆی کەوتنەخوارەوەی پارچە مووشەکێک لە شەقامێکی مەنامە کەسێک بریندار بووە.
ئوردن
هاوکات حومەتی عەممان ئاشکرای کرد کە لە سەرەتای شەڕەکەوە 119 مووشەک و درۆنی ئێرانی بەدیاریکراوی ئاراستەی نێو خاکی ئوردن کراون.
ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی راست 4" دژی ئیسرائیل
لە بەرەی ئیسرائیلیشەوە، ئیبراهیم زولفەقاری، گوتەبێژی بارەگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیای سەر بە سوپای پاسداران، دەستپێکردنی شەپۆلی 27ی ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی راست 4"ی راگەیاند. بەگوتەی ئەو بەرپرسە، بە مووشەکەکانی جۆری "خەیبەرشکێن، عیماد و قەدر" و درۆنی خۆتەقێن هێرشیان کردووەتە سەر ئامانجەکان لە باکوور تاوەکو باشووری ئیسرائیل (لە نێویاندا تەلئەبیب و حەیفا).
هەروەها ئیبراهیم زولفەقاری جەختی کردەوە کە بنکەیەکی ئەمریکییان بە "مووشەکی وردبینی سووتەمەنیی رەق" کردووەتە ئامانج، ئەوەش وەک وەڵامێک بۆ بۆردوومانکردنی وێستگەیەکی ئاوی قشم لەلایەن ئەمریکاوە.
لای خۆیەوە سوپای ئیسرائیل رایگەیاند کە سیستەمەکانی بەرگری خەریکی تێکشکاندنی مووشەکەکانن و زەنگی ئاگادارکردنەوە لە دەیان شارۆچکەی باکوور و ناوەڕاستی ئیسرائیل لێدراون، بەهۆی راکردنیش بۆ نێو پەناگەکان، هاووڵاتییەک بریندار بووە.
کاردانەوەی نێودەوڵەتی
لە یەکەمین کاردانەوەی هەرێمیدا، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، سەرکۆنەی هێرشەکانی کرد بۆ سەر وڵاتانی کەنداو و رایگەیاند، "هێرشکردنە سەر قەتەر، کوێت، سعودیە، ئیمارات و بەحرێن کە لایەنی سێیەمن و لە جەنگەکەدا نین، ژیانی سڤیلەکان دەخاتە مەترسییەوە و رێگە بۆ فراوانبوونی زیاتری جەنگەکە خۆش دەکات."
فیدان جەختی لەسەر چارەسەری دیپلۆماسی کردەوە بۆ کۆتاییهێنان بەم ئاڵۆزییانە. لەلایەکی دیکەوە سەرکردایەتیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) ئێرانی تۆمەتبار کرد بەوەی بە ئانقەست و بە شێوەیەکی هەڕەمەکی هێرش دەکاتە سەر فڕۆکەخانە و ناوچە سڤیلەکان و، رایگەیاند کە شانبەشانی هاوبەشە هەرێمییەکانیان کار دەکەن بۆ پاراستنیان.