تەندروستیی لوبنان: لە هێرشێکی ئیسرائیل دا بۆ سەر هۆتێلێک لە بەیرووت 4 کەس کوژران
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی تەندروستیی لوبنان رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر هۆتێلێک لە نێوەڕاستی بەیرووت لانیکەم چوار کەسی کوشتووە. ئیسرائیل دەڵێت، فەرماندەکانی سوپای پاسدارانی ئێرانی کردووەتە ئامانج.
لوبنان رۆژی دووشەممەی رابردوو چووە نێو جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە، دوای ئەوەی گرووپی حیزبوڵڵای پاڵپشتیکراو لەلایەن ئێرانەوە، وەک وەڵامێک بۆ کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا، هێرشی کردە سەر ئیسرائیل.
ئیسرائیل کە سەرەڕای ئاگربەستی ساڵی 2024 بەردەوام بووە لە هێرشەکانی بۆ سەر حیزبوڵڵا، لە رۆژی دووشەممەوە چەندین شەپۆلی هێرشی ئاسمانی بۆسەر ناوچە جیاوازەکانی لوبنان ئەنجام داوە و هێزی زەوینیشی رەوانەی ناوچە سنوورییەکان کردووە.
بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە، وەزارەتی تەندروستیی لوبنان رایگەیاند، هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر ناوەندی شاری بەیرووت "ژوورێکی هۆتێلێک"ی کردە ئامانج، لە ئەنجامدا چوار کەس کوژران و 10 کەسی دیکەش بریندار بوون.
لوبنان هەروەها دەڵێ، شەوی رابردوو لانیکەم 12 کەس لە سێ هێرشی جیاوازدا لە باشووری وڵاتەکەی کوژراون.
لە راگەیێندراوێکی سوپای ئیسرائیلدا هاتووە، هێزەکانی "هێرشێکی ورد"یان لە بەیرووت ئەنجامداوە و تێیدا "فەرماندە سەرەکییەکان"ی فەیلەقی قودسیان کردووەتە ئامانج. ئیسرائیل ئەو فەرماندانەی - کە ناوی نەهێناون - تۆمەتبار کردووە بەوەی پلانیان بۆ هێرش دژی ئیسرائیل دانابوو.
ئیسرائیل دەڵێ، بەردەوام دەبێ لە بەئامانجگرتنی فەرماندەکانی سوپای پاسداران لە هەر شوێنێک بن.
کەناراوەکانی دەریای نێوەڕاست لە بەیرووت دەیان هۆتێلی لێیە کە ئێستا پڕبوون لەو ئاوارانەی بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانەوە لە ناوچەکانی دیکەی لوبنانەوە هەڵاتوون. ئەمە دووەم هێرشی ئیسرائیلە بۆ سەر هۆتێلێک لە بەیرووت لەم هەفتەیەدا. رۆژی چوارشەممەی رابردووش هۆتێلێک لە گەڕەکی (حەزمییە) کە زۆربەی دانیشتووانی مەسیحین، کرایەئامانج.
هاوکات، حیزبوڵڵا بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، بە مووشەک هێرشی کردووەتە سەر هێزەکانی ئیسرائیل و شارێکی سەر سنوور.
حیزبوڵڵا ئاماژەی بەوەش کرد، چەکدارەکانی لە نزیک شارۆچکەی عەیتەروون لەسەر سنوور، لە پێکدادانی توونددان لەگەڵ هێزەکانی ئیسرائیل.