سعودیە هێرشکردنە سەر کۆنسووڵخانەی کوێت لە بەسرە سەرکۆنە دەکات
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی سعودیە، سەرکۆنەی هەڵکوتانە سەر کۆنسووڵخانەی کوێت لە شاری بەسرە دەکات. رووداوەکە بە دەستدرێژیی ئاشکرا بۆ سەر بەها و پارێزبەندیی نێردە دیپلۆماسییەکان ناو دەبات.
بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە، 8ـی نیسانی 2026، لە راگەیێندراوێکدا وەزارەتی دەرەوەی سعودیە، سەرکۆنەی پەلاماردانی سەر کۆنسووڵخانەی گشتیی کوێت لە شاری بەسرە لە باشووری عێراق کرد و رووداوەکەی بە "دەستدرێژیی ئاشکرا" بۆ سەر بەها و پارێزبەندیی نێردە دیپلۆماسییەکانی کۆنسووڵخانەکە ناوبرد.
وەزارەتەکە لە بەشێکی راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت: "رەتکردنەوەی شانشینەکە بۆ ئەم کارە نابەرپرسانە دووپاتدەکەینەوە. جەخت لە بەرپرسیارێتیی وڵاتان دەکەینەوە لە دابینکردنی پارێزگاریی تەواو بۆ ئەندامانی نێردە دیپلۆماسییەکانی کۆنسووڵخانەکە و بارەگاکانیان، بەپێی رێککەوتننامەی ڤیەننا بۆ پەیوەندییە کۆنسووڵییەکان بۆ ساڵی 1963."
شەوی 7ی نیسانی 2026، ژمارەیەک لە خۆپێشاندەرانی شیعە لە شاری بەسرە لەبەردەم کۆنسووڵخانەی کوێت لەو شارەدا خۆپێشاندانیان کرد و چوونە نێو باڵەخانەی کۆنسووڵخانەکەوە.
وەزارەتی دەرەوەی کوێت رایگەیاندووە، عێراق بەرپرسیارێتیی تەواو و راستەخۆی ئەو دەستدرێژیانە و هەر کەمتەرخەمییەک دەگرێتە ئەستۆ، کە لە رێکارە پێویستەکان بۆ پاراستنی نێودەوڵەتی و کۆنسووڵخانەکانی لە وڵاتەکەیدا هەبووە.
وەزارەتی دەرەوەی کوێت داوای لە حکومەتی عێراق کرد، رێکاری خێرا و یەکلاکەرەوە بگرێتەبەر بۆ سزادانی هەموو ئەو کەسانەی کە لەو رووداوەوە گلاون و گرەنتیی دووبارە نەکردنەوەی بکرێت.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێنراوەکەدا هاتووە، کوێت بەشێک نییە لە هەر ململانێیەکی هەرێمی و نێودەوڵەتی و رێگە نادات خاکەکەی بەکاربهێنرێت لەدژی هەر دەوڵەتێک. هەروەها پێیوایە بەردەوامیی ئەو جۆرە دەستدرێژیانە ئەگەری هەیە کاریگەریی نەرێنیی هەبێت لەسەر پەیوەندیی دووقۆڵیی نێوان کوێت و عێراق و بناخەی متمانەی نێوانیان بێهێز دەکات.