عێراق: گرنگە پابەندبوونى تەواو بە راگرتنى شەڕ هەبێت

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دەرەوەی عێراق پێشوازی لە راگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکات و رایدەگەیێنێت، ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی گرژییەکان و چەسپاندنی ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا. بە گرنگیشى دەزانێت پابەندبوونى تەواو هەبێت بە راگرتنى شەڕ
 
رۆژی چوارشەممە، 8ـی نیسانی 2026، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیێندراوێکدا پشتیوانیی خۆی بۆ هەر هەوڵێکی هەرێمی و نێودەوڵەتی دەربڕی کە کار بۆ کۆنترۆڵکردنی قەیرانەکان و برەودان بە زمانی گفتوگۆ و دیپلۆماسی دەکات.
 
وەزارەتی دەرەوە جەختی لە گرنگیی پابەندبوونی تەواو بە ئاگربەستەکە کردەوە و داوای کرد: "هەردوولا لە هەر جۆرە هەنگاوێک یان گرژییەک کە ببێتە هۆی گەڕانەوەی ئاڵۆزییەکان بۆ ناوچەکە، دووربکەونەوە."
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، پێویستە ئەم هەنگاوە ئەرێنییە بکرێتە دەرفەتێک بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆیەکی جیدی و بەردەوام، بە مەبەستی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و بەهێزکردنی متمانەی نێوان لایەنەکان.
 
وەزارەتی دەرەوەی عێراق دووپاتی کردەوە کە بەغدا بەردەوام دەبێت لەسەر "رێڕەوی دیپلۆماسیی هاوسەنگی خۆی" و رۆڵ دەگێڕێت لە پشتیوانیکردنی هەوڵەکان بۆ چەسپاندنی ئاشتیی هەرێمی و نێودەوڵەتی، بە جۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندیی گەلانی ناوچەکە بکات و رێز لە سەروەریی وڵاتان و پرەنسیپی دراوسێیەتیی باش بگرێت.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند.
 
لە 28ی شوباتەوە جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل دەستی پێکردووە و بەهۆیەوە ئاسمانی عێراق لەلایەن هەردوو بەرەی جەنگەوە بۆ هێرشکردنە سەر یەکدی بەکاردەهێنرا.