راپۆرتێک: سەرەڕای ئاگربەست، تەنگەى هورمز هێشتا داخراوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرەڕای ئاگربەستی ئەمریکا و ئێران، و رێککەوتن بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز، کەشتییەکان هێشتا لە تێپەڕبوون لەو رێڕەوە ئاوییە دەترسن و خاوەنەکانیان نایانەوێت سەرکێشی بە کەشتییە گوێزەرەوەکانی نەوتەوە بکەن.
ئامارەکانی چاودێریی کەشتیوانیی رۆژی چوارشەممە، 08-04-2026 نیشانی دەدەن کە سەرەڕای راگەیاندنی ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی، هیچ جووڵەیەکی نوێی کەشتییە گوێزەرەوەکانی نەوت بەنێو تەنگەی هورمزدا تۆمار نەکراوە.
لارس جێنسن، پسپۆڕی بواری کەشتیوانی لە کۆمپانیای "ڤێسپوچی ماریتایم" لە لێدوانێکی بۆ رۆژنامەى "تەلەگراف" رایگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوودا رەنگە بینەری ئەوە بین کە کەشتییەکان لە کەنداو بچنە دەرەوە، بەڵام ژمارەیەکی کەم کەشتی دەچنە نێو ناوچەکە.
جێنسن گوتی: "کۆمپانیاکانی کەشتیوانی دوودڵن لە متمانەکردن بە بەردەوامیی ئەم ئاگربەستە، بۆیە نایانەوێت کەشتیی نوێ بنێرنە نێو کەنداو کە رەنگە جارێکی دیکە لەوێدا گیر بخۆن."
یەکێکی دیکە لە کێشەکان، داواکاریی ئێرانە بۆ هاوئاهەنگیی سەربازی. جێنسن ئاماژەی بەوە کرد کە ئێرانییەکان دەڵێن تێپەڕبوون ئازادە، بەڵام دەبێت لەگەڵ هێزە سەربازییەکانی ئێران هاوئاهەنگی بکرێت.
ئەمەش مەترسییەکی یاسایی بۆ کۆمپانیاکان دروست دەکات، چونکە ئەگەر هەر بڕە پارەیەک وەک باجی تێپەڕبوون بدەن، رەنگە سزاکانی ئەمریکا بەسەریاندا جێبەجێ بکرێت.
"130 کەشتیی چاوەڕێی دەربازبوونن"
پیتەر ساند، پسپۆڕی کەشتیوانی لە کۆمپانیای "گزێنێتا" رایگەیاند کە ئێستا سەرنجی سەرەکی لەسەر دەربازکردنی ئەو 130 کەشتییە بارهەڵگرەیە کە لە سەرەتای جەنگەوە لە کەنداو گیریان خواردووە.
ساند گوتی: "هەمووان هەڵسەنگاندن بۆ مەترسییەکان دەکەن، بەو پێیەی ئاگربەستەکە تەنیا بۆ دوو هەفتەیە، کەس پلانی گەڕانەوەی تەواوەتی نییە. ئەمە گەشەسەندنێکی ئەرێنییە، بەڵام هێشتا دۆخی جەنگە و نادڵنیاییەکی زۆر هەیە."
کۆمپانیای "مێرک" کە دووەم گەورەترین کۆمپانیای گواستنەوەی دەریاییە لە جیهاندا، لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە راگرتنی شەڕ هێشتا دڵنیاییەکی تەواوی ئەمنی نەداوە بۆ دەستپێکردنەوەی کارە ئاساییەکان و ئەوان بە "شێوەیەکی وریایانە" مامەڵە دەکەن.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا شەوی سێشەممە رایگەیاند، کە گەیشتوونەتە رێککەوتنی ئاگربەست بەو مەرجەی تاران تەنگەکە بکاتەوە.
دوای ئەم هەواڵە، نرخی نەوت بۆ خوار 100 دۆلار دابەزی، بەڵام شارەزایان هۆشداری دەدەن کە ئەگەر جووڵەی کەشتییەکان دەستپێ نەکاتەوە، نرخەکان دووبارە هەڵدەکشێنەوە.