بەرگریی شارستانیی لوبنان: لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل 254 کەس کوژراون


رووداو دیجیتاڵ

بەرگریی شارستانیی لوبنان بڵاویکردەوە، دوای کاژێر 3:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ ئیسرائیل ژمارەیەک هێرشیکردە سەر وڵاتەکەیان و بەهۆیەوە 254 کەسی سڤیل کوژران، هاوکات نەتەوە یەکگرتووەکانیش سەرکۆنەی ئەو هێرشانە دەکات. 
 
رۆژی چوارشەممە، 8ی نیسانی 2026، بەرگریی شارستانیی لوبنان بڵاویکردەوە، بەهۆی هێرشەکانی ئەمڕۆ ئێوارەی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەیان 254 کەس کوژران و هەزار و 165کەسی دیکەش بریندار بوون. 
 
فەرحان حەق، جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بەو هێرشانە رایگەیاند، "نەتەوە یەکگرتووەکان بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان دەکات کە بوونەتە هۆی کوژرانی ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتی". 
 
 جێگری گوتەبێژەی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان دەشڵێت، "بەردەوام دەبین لە داواکردن لە لایەنەکان بۆ ئەوەی پەنا ببەنە بەر دەرچەی دیپلۆماسی، کەمکردنەوەی گرژییەکان و بەکارهێنانی ئاگربەستی ئەمریکا-ئێران وەکو دەرفەتێک بۆ رێگری لە کوژرانی خەڵکی دیکە". 
 
رۆژی 28ی شوبات، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش بە مووشەک و درۆن وەڵامیدانەوە. وەکو بەشێک لە وەڵامەکەی، ئێران هێرشیکردە سەر وڵاتانی کەنداویش. 
 
لە رۆژی یەکەمی جەنگەکەدا، عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران لە بۆردوومانێکی ئیسرائیل-ئەمریکا بۆ سەر تاران کوژرا. رۆژی 2ی ئادار، لە تۆڵەی کوژرانیدا حیزبوڵـڵا هێرشیکردە سەر ئیسرائیل و ئەویش بە بۆردوومان و هێرشی زەوینی وەڵامیدایەوە. 
 
ئەمڕۆ، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بڵاویکردەوە، پێشنیازی شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستانیان بۆ راگرتنی جەنگ قبوڵکردووە بۆ دوو هەفتە. لە بەرامبەردا ئێران دەبێت تەنگەی هورمز بکاتەوە و گفتوگۆ بۆ ئاگربەستێکی بەردەوام بکرێت. 
 
ئەمڕۆ ئێوارە، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بەهۆی حیزبوڵـڵاوە ئاگربەستەکە لوبنان ناگرێتەوە.