چۆن موجتەبا خامنەیی گڵۆپی سەوزی بۆ دانوستاندن هەڵکرد و نەتەنیاهوو چ دڵنیاییەکی وەرگرتووە؟
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی ئەمریکا و ئیسرائیل رۆژی دووشەممە زانیارییان لەبارەی پێشهاتێکی سەرنجڕاکێش پێگەیشت. لە کاتێکدا مۆڵەتەکەی دۆناڵد ترەمپ خەریک بوو کۆتایی دەهات، موجتەبا خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ یەکەمجار لە دەستپێکی جەنگەوە فەرمانی بە دانوستاندنکارەکانی دا بەرەو رێککەوتن هەنگاو بنێن.
لە کاتێکدا ترەمپ بە ئاشکرا هەڕەشەی سڕینەوەی ئێرانی دەکرد، لە پشت پەردەوە نیشانەکانی جووڵەی دیپلۆماسی دەرکەوتن، هەرچەندە تەنانەت سەرچاوە نزیکەکانی ترەمپیش تاوەکو ساتەوەختی راگەیاندنی ئاگربەستەکە نەیاندەزانی چ ئەنجامێک چاوەڕوان دەکرێ.
پێگەی ئەکسیۆسی ئەمریکی دەڵێت، ئەو زانیارییانە لەلایەن بەرپرسێکی ئیسرائیلی، بەرپرسێکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و سەرچاوەیەکی دیکەی ئاگادار لە بابەتەکە پشتڕاستکراونەتەوە.
هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بەرپرسانی پێنتاگۆن کاژێرەکانی کۆتاییان بە ئامادەکاری بۆ ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانیی گەورە بۆ سەر ژێرخانی ئێران بەسەردەبرد. بەرپرسێکی بەرگریی ئەمریکا دەڵێت: "نەماندەزانی چی روودەدات." هاوکات هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە خۆیان بۆ تۆڵەسەندنەوەیەکی بێ وێنەی ئێران ئامادە دەکرد و لە نێوخۆی ئێرانیش هەندێک لە هاووڵاتییان ماڵەکانیان جێدەهێشت تاوەکو لە زەبری هێرشەکان دوور بکەونەوە.
سەرەتای چیرۆکەکە
رۆژی دووشەممە، کاتێک ترەمپ لەنێو ئاهەنگی جەژنی هەستانەوە لە کۆشکی سپی بوو، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ترەمپ بە "تووڕەییەکی زۆرەوە" خەریکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان بوو. ستیڤ ویتکۆف بە نێوەندگیرەکانی گوت، ئەو پێشنیازە 10 خاڵییەی کە ئێران ناردوویەتی "کارەساتە".
ئەمە بووە سەرەتای رۆژێکی "پڕ لە پشێوی" بۆ گۆڕانکاری. نێوەندگیرە پاکستانییەکان رەشنووسی نوێیان لەنێوان ویتکۆف و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دەگواستەوە. وەزیرانی دەرەوەی میسر و تورکیاش هەوڵیان دەدا کەلێنەکان پڕ بکەنەوە. ئەوە بوو پێش کاژێر 12ی شەوی دووشەممە، نێوەندگیرەکان رەزامەندیی ئەمریکایان بۆ پێشنیازێکی نوێی ئاگربەستی دوو هەفتەیی بەدەستهێنا. دواتر بڕیارەکە کەوتە دەست موجتەبا خامنەیی کە بە گوتەی سەرچاوەکان، رۆژانی دووشەممە و سێشەممە چالاکانە لە پڕۆسەکەدا بەشدار بوو.
رۆڵی نهێنیی رێبەر
بەشداریی رێبەری باڵا بە شێوەیەکی نهێنی و پڕ لە زەحمەت بوو. بەهۆی هەبوونی هەڕەشەی تیرۆرکردن لەلایەن ئیسرائیلەوە، خامنەیی تەنیا لە رێگەی نێردراوەکانەوە (کە نامەی نووسراویان پێبووە) پەیوەندی کردووە. دوو سەرچاوە دەڵێن، رەزامەندیی خامنەیی بۆ دانوستاندنکارەکانی تاوەکو رێککەوتن بکەن، "وەرچەرخانێکی گەورە" بوو.
سەرچاوەکەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەڵێت، عەباس عێراقچی رۆڵێکی سەرەکی گێڕا لە بەڕێوەبردنی دانوستاندنەکان و رازیکردنی فەرماندەکانی سوپای پاسداران بۆ رازیبوونی بە رێککەوتنەکە. هەروەها چین هانی ئێرانی دا کە رێگەیەک بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە بدۆزێتەوە، بەڵام دواجار هەموو بڕیارە سەرەکییەکان لای خامنەیی بوون و بەبێ گڵۆپی سەوزی ئەو، رێککەوتن نەدەبوو.
ساتەوەختی یەکلاییکەرەوە
بەیانیی رۆژی سێشەممە دیار بوو کە پێشڤەچوون هەیە، بەڵام ئەوە رێگر نەبوو لەوەی ترەمپ تووندترین هەڕەشەی خۆی بکات و بڵێت: "ئەم شەو تەواوی شارستانییەتێک دەمرێ." هەندێک میدیای ئەمریکی رایانگەیاند، ئێران دانوستاندنەکانی وەستاندووە، بەڵام سەرچاوەکانی "ئەکسیۆس" دەڵێن وا نەبووە و لە راستیدا پڕۆسەکە بەرەو پێش دەچوو.
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک لە هەنگاریاوە خەریکی پەیوەندی بوو لەگەڵ پاکستانییەکان. هاوکات بنیامین نەتەنیاهوو بە بەردەوامی لەگەڵ ترەمپ و تیمەکەی لە پەیوەندیدا بوو، هەرچەندە ئیسرائیلییەکان نیگەران بوون لەوەی کۆنترۆڵی پڕۆسەکەیان لەدەستداوە. نزیکەی نیوەڕۆی رۆژی سێشەممە لێکتێگەیشتنێکی گشتی دروستبوو کە لایەنەکان بەرەو ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی دەچن.
سێ کاژێر دواتر، شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان، مەرجەکانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) بڵاوکردەوە و داوای لە هەردوولا کرد رازی بن. ترەمپ دەستبەجێ پەیوەندی و نامەی زۆری لەلایەن بەشێک لە هاوپەیمانەکانییەوە پێگەیشت کە داوایان لێدەکرد رەتی بکاتەوە. دۆخەکە هێندە تەمومژاوی بوو، تەنانەت ئەو کەسانەی کاژێرێک پێشتر لەگەڵ ترەمپ قسەیان کردبوو، وایان دەزانی ئاگربەستەکە رەتدەکاتەوە، بەڵام قبووڵی کرد.
بەر لەوەی وەڵامەکەی بڵاوبکاتەوە، ترەمپ لەگەڵ نەتەنیاهوو قسەی کرد تاوەکو پابەندیی ئەو بۆ ئاگربەستەکە وەربگرێ. پاشان لەگەڵ عاسیم مونیر، فەرماندەی سوپای پاکستان قسەی کرد بۆ قۆناخی کۆتایی و رێککەوتن لەسەر بەندەکانی رێککەوتنەکە.
تەنیا 15 خولەک دوای پۆستەکەی ترەمپ، فەرمان گەیشتە هێزەکانی ئەمریکا کە ئۆپەراسیۆنەکان رابگرن. دواتر عێراقچی رایگەیاند، ئێران پابەندی ئاگربەستەکە دەبێت و تەنگەی هورمز بە رووی ئەو کەشتییانەدا دەکاتەوە کە "بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی ئێران" کاردەکەن.
چاوەڕوانی چی دەکرێ؟
ئێستا جیهان چاوەڕێیە ببێنێت ئێران تاوەکو چ ئاستێک رێگە بە دەستپێکردنەوەی کەشتیوانی دەدات و ئایا نەتەنیاهوو تاوەکو کەی پابەندی ئاگربەستەکە دەبێت. بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل بە "ئەکسیۆس"ی راگەیاندووە کە نەتەنیاهوو دڵنیایی وەرگرتووە کە ئەمریکا لە دانوستاندنەکانی ئاشتیدا جەخت لەسەر رادەستکردنی یۆرانیۆمە پیتێنراوەکە، وازهێنانی ئێران لە پیتاندنی یۆرانیۆم و لەنێوبردنی توانای مووشەکی بالیستی دەکاتەوە.
بڕیارە جەی دی ڤانس سەرۆکایەتیی شاندی ئەمریکا بکات لەو گفتوگۆیانەی رۆژی هەینی لە پاکستان بەڕێوەدەچن، ئەمەش دەبێتە گرنگترین ئەرکی سیاسی لە ژیانی ئەودا. هێشتا جیاوازیی گەورە لەنێوان دیدگەی تاران و واشنتن هەیە، ئەمەش ئەگەری دەستپێکردنەوەی جەنگ بە کراوەیی دەهێڵێتەوە.