سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دەچێتە کەنداو؛ گەرەنتیی بە کراوەیی هێشتنەوەی تەنگەی هورمز تاوتوێ دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسانی حکومەتی بەریتانیا رۆژی چوارشەممە (08-04-2026) رایانگەیاند، کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە، ئەمڕۆ بەرەو ناوچەی کەنداو بەڕێدەکەوێ بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ هاوپەیمانەکانی.
 
ئامانجی سەرەکیی گەشتەکەی ستارمەر، تاوتوێکردنی رێگەکانی گەرەنتیکردنی مانەوەی تەنگەی هورمزە بە شێوەیەکی هەمیشەیی بە رووی کەشتیوانیی نێودەوڵەتیدا.
 
بەگوێرەی لێدوانی بەرپرسانی حکومەت، ئەم گەشتە پێش راگەیاندنی ئاگربەستەکەی نێوان ئەمریکا و ئێران پلانی بۆ داڕێژرابوو.
 
ئەم هەنگاوە دوای ئەو گفتوگۆیانە دێ کە پێشتر بەریتانیا میوانداری کردبوون و تێیاندا دیپلۆمات و پلاندانەرانی سەربازیی زیاتر لە 40 وڵات باسیان لە چۆنیەتی بە کراوەیی هێشتنەوەی ئەو تەنگە ستراتیژییە کردبوو.
 
بەریتانیا لە کاتی جەنگەکەدا رەتی کردەوە داواکاری ئەمریکا تایبەت بە هەبوونی رۆڵی سەربازی بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز جێبەجێ بکات و ئەوەش وایکرد لە لایەن دۆناڵد ترەمپەوە بە تووندی رەخنەی لێ بگیرێت.