جیاوازیی زۆر لە خاڵە بڵاوکراوەکانی ئێران و میدیای دەرەوە لەبارەی پێشنیازەکانی رێککەوتن هەیە
رووداو دیجیتاڵ
ئاگربەست بۆ دوو هەفتە راگەیێندراوە و دوو بەندی سەرەکی بریتین لە وەستاندنی هێرشەکان و کردنەوەی تەنگەی هورمز، بەڵام ئەوەی پەیوەندی بە دانوستاندنەوە هەیە بۆ رێککەوتنی هەمیشەیی باس لە 10 خاڵ و 15 خاڵ دەکرێ.
ئەو 10 خاڵەی ئێران باسیان دەکات
ترەمپ بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیەڵ گوتی، پێشنیازێکی 10 خاڵەی ئێرانیان بەدەست گەیشتووە کە دەبێتە بنەمای دانوستاندن. میدیای ئێران دەڵێ، 10 خاڵەکە ئەمانەن:
1- پابەندبوونی ئەمریکا بە گەرەنتیی ئەوەی جارێکی دیکە شەڕ هەڵناگیرسێتەوە.
2- بەردەوامبوونی کۆنترۆڵی ئێران بەسەر تەنگەی هورمزدا.
3- قبووڵکردنی مافی ئێران بۆ پیتاندنی ئەتۆمی.
4- هەڵگرتنی هەموو سزا سەرەکییەکان.
5- هەڵگرتنی هەموو سزا لاوەکییەکان.
6- کۆتاییهێنان بە هەموو بڕیارنامەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دژی ئێران.
7- کۆتاییهێنان بە هەموو بڕیارنامەکانی ئەنجوومەنی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دژی ئێران.
8- پێدانی قەرەبووی زیانەکان بە ئێران بەهۆی ئەو لەدەستدانانەی لە جەنگەکەدا بەریکەوتووە.
9- کشانەوەی هێزە جەنگییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە.
10- راگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە هەموو بەرەکان، لەوانەش بەرەی لوبنان.
دەقە فارسییەکە لە دەقە ئینگلیزییەکە جیاوازە
ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ هەمیشە جەختی لەسەر ئەوە کردوەتەوە کە رێگە نادات ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و تەنانەت ئەو پاڵنەری هێرشە ئاسمانییەکەی حوزەیرانی رابردووی سەر سێ بنکەی ئەتۆمیی ئێران و هۆکاری سەرەکی ئەم جەنگەی ئێستاش بوو.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسی گوت، ئەو بابەتە "بە باشترین شێوە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێ" و گوتی: "ئەگەر ئەو بابەتە چارەسەر نەکرایە، من هەرگیز بەم رێککەوتنە رازی نەدەبووم."
ترەمپ بەو ئاژانسیە هەواڵییەی گوت، پێشنیازەکە 15 خاڵ لەخۆدەگرێ و ئەوانە بنەمای گفتوگۆکانی تایبەت بە رێککەوتن دەبن.
ئەوەی کە پەیوەندی بەو 10 خاڵەیشەوە هەیە، ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێس دەڵێ، جیاوازی لە هەندێک لە خاڵەکاندا هەیە. بۆ نموونە، یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی نێو دەقە فارسییەکە بریتییە لە "قبووڵکردنی مافی ئێران بۆ پیتاندنی ئەتۆمی" لە لایەن ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە کە خاڵی سێیەمە، بەڵام ئەم خاڵە لە دەقە ئینگلیزییەکەدا بە هیچ جۆرێک نییە، واتە ئەو دەقەی رادەستی لایەنی ئەمریکی کراوە.
هەروەها دەیڤید ئۆلبرایت، سەرۆکی (پەیمانگەی زانست و ئاشتیی نێودەوڵەتی)ی ئەمریکا لە نووسینێکدا دەڵێ، جیاوازی لەنێوان دەقە فارسییەکە و دەقە ئینگلیزییەکەی 10 خاڵەکەدا هەیە و ئاماژە بە مەرجەکانی ئەمریکاش بۆ رێککەوتن دەکات و دەڵێ، 4 خاڵی سەرەکیشی ئەمانەن:
1- هەڵوەشاندنەوەی هەموو دامەزراوە ئەتۆمییەکان
2- کۆتاییهێنان بە پیتاندنی یۆرانیۆم لە خاکی ئێران
3- گواستنەوەی یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران بۆ دەرەوە
4- رێگەدان بە پشکنینی نێودەوڵەتی لە هەموو شوێنێکی ئێران
ئۆلبرایت باس لەوە دەکات، ئەم خاڵانە واتای ئەوە دەگەیێنن کە دانوستاندنەکە زەحمەت دەبێ و هەربۆیە دەکرێ زوو جەنگ دەستپێبکاتەوە.
گۆڕانکاریکردن لە خاڵەکاندا
لەبارەی هەمان بابەت، ماڵپەڕی ئەکسیۆس لە زاری سێ سەرچاوەوە هەندێک زانیاری لەم بارەیەوە بڵاوکردوەتەوە و دەڵێ، دووشەممەئ ئەم هەفتەیە کاتێک ترەمپ لەنێو ئاهەنگی جەژنی هەستانەوە لە کۆشکی سپی بوو، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ترەمپ بە "تووڕەییەکی زۆرەوە" خەریکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان بوو. ستیڤ ویتکۆف بە نێوەندگیرەکانی گوت، ئەو پێشنیازە 10 خاڵییەی کە ئێران ناردوویەتی "کارەساتە".
ئەمە بووە سەرەتای رۆژێکی "پڕ لە پشێوی" بۆ گۆڕانکاری. نێوەندگیرە پاکستانییەکان رەشنووسی نوێیان لەنێوان ویتکۆف و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دەگواستەوە. وەزیرانی دەرەوەی میسر و تورکیاش هەوڵیان دەدا کەلێنەکان پڕ بکەنەوە. ئەوە بوو پێش کاژێر 12ی شەوی دووشەممە، نێوەندگیرەکان رەزامەندیی ئەمریکایان بۆ پێشنیازێکی نوێی ئاگربەستی دوو هەفتەیی بەدەستهێنا. دواتر بڕیارەکە کەوتە دەست موجتەبا خامنەیی کە بە گوتەی سەرچاوەکان، رۆژانی دووشەممە و سێشەممە چالاکانە لە پڕۆسەکەدا بەشدار بوو.
یەکێک لە سەرچاوەکان دەڵێت، عەباس عێراقچی رۆڵێکی سەرەکی گێڕا لە بەڕێوەبردنی دانوستاندنەکان و رازیکردنی فەرماندەکانی سوپای پاسداران بۆ رازیبوونی بە رێککەوتنەکە. هەروەها چین هانی ئێرانی دا کە رێگەیەک بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە بدۆزێتەوە، بەڵام دواجار هەموو بڕیارە سەرەکییەکان لای خامنەیی بوون و بەبێ گڵۆپی سەوزی ئەو، رێککەوتن نەدەبوو.
بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل بە "ئەکسیۆس"ی راگەیاندووە کە نەتەنیاهوو دڵنیایی وەرگرتووە کە ئەمریکا لە دانوستاندنەکانی ئاشتیدا جەخت لەسەر رادەستکردنی یۆرانیۆمە پیتێنراوەکە، وازهێنانی ئێران لە پیتاندنی یۆرانیۆم و لەنێوبردنی توانای مووشەکی بالیستی دەکاتەوە.