تورکیا و سووریا هەوڵی بەرزکردنەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانییان بۆ 10 ملیار دۆلار دەدەن


رووداو دیجیتاڵ

وەزیری بازرگانیی تورکیا رایگەیاند، "تورکیا و سووریا کاردەکەن بۆ بەرزکردنەوەی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوانیان بۆ 5 ملیار دۆلار و دواتریش بۆ 10 ملیار دۆلار."
 
رۆژی سێشەممە، 7ـی نیسانی 2026، یەکەمین کۆبوونەوەی لیژنەی هاوبەشی ئابووری و بازرگانیی نێوان تورکیا و سووریا بەڕێوەچوو، هەردوولا تاوتوێی فرەچەشنکردنی چارەسەر و میکانیزمێکیان کردووە، لەوانەش رێککەوتنی بازرگانیی ئازاد بۆ زیادکردنی قەبارەی بازرگانیی نێوان. 
 
پار قەبارەی بازرگانیی نێوان سووریا و تورکیا گەیشتە 3.7 ملیار دۆلار.
 
عومەر پۆڵات، وەزیری بازرگانیی تورکیا رایگەیاند: "واژۆکردنی رێککەوتنێکی هاوکاری لەنێوان سووریا و تورکیا، نەخشەڕێگەیەکی گشتگیر پێکدەهێنێت بۆ تەواوکاریی ئابووری، گەشەپێدانی هەرێمی و پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە لەنێوان دوو وڵاتی دراوسێ و برا."
 
بۆڵات هەروەها گوتی، هەردوولا رێککەوتوون لەسەر ئاڵوگۆڕی زانیاری سەبارەت بە چوارچێوەی رێکخستن بۆ دڵنیابوون لە پێشبینیکردنی بازرگانیی کشتوکاڵی و قووڵکردنەوەی هاوکاری لە کەرتە ستراتیژییەکانی وەک چنین، کشتوکاڵ، خۆراک و ئامێرەکان.
 
هاوکات نیدال شەعار، وەزیری ئابووری و پیشەسازیی سووریا رایگەیاند، کارکردن لەگەڵ تورکیا لەسەر بنەمایەکی پتەو و ئەرێنی دەستیپێکردووە و هاوکاری لە بوارەکانی ئابووری، رۆشنبیری و کۆمەڵایەتیدا بەردەوامە.
 
شەعار گوتی، "ئێمە ئەم هاوکارییە لەسەر بنەمایەکی زۆر پتەو دادەمەزرێنین و سوورین لەسەر بەکارهێنانی هەموو توانستە ئابوورییەکان بە شێوەیەکی نموونەیی لە بەرژەوەندیی هەردوو وڵاتدا."
 
لە پەراوێزی یەکەم کۆبوونەوەی لیژنەی هاوبەشی ئابووری و بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات، رێککەوتنێکی هاوکاری لەنێوان سووریا و تورکیا واژۆکرا، وەک هەنگاوێک بۆ پتەوکردنی هاوکاریی تەکنیکی و بازرگانی.