سوودانی بەرەو ئەنقەرە بەڕێکەوت
رووداو دیجیتاڵ
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەرەو ئەنقەرە بەڕێکەوت.
بە گوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، رۆژی پێنجشەممە 8ی ئایاری 2025، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەردانێکی فەرمی بەرەو ئەنقەرە-ی پایتەختی تورکیا بەڕێکەوت بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی باڵای عێراقی- تورکی بۆ هاوکاری ستراتیژی.
22ی نیسانی پار رەجەب تەیب ئەرۆغان سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستانی کرد و تورکیا و عێراق 26 رێککەوتن و یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنیان واژۆکرد؛ شەشیان تایبەت بوون بە بوارەکانی ئابووری، بازرگانی، وەبەرهێنان، کشتوکاڵ و ئاو.
بەپێی داتاکانی ئەنجوومەنی هەناردەکارانی تورکیا، پار هەناردەی تورکیا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان بەراورد بە پێرار 9.8٪ زیادیکردووە و بە بەهای 10 ملیار و 698 ملیۆن و 863 هەزار دۆلار کاڵا هەناردە کراوە.
خالید ئاجار، سەرۆکی ئەنجوومەنی کاری تورکیا - عێراق لە دەستەی پەیوەندییە ئابورییەکانی دەرەوە 29ی کانوونی دووەمی 2025 رایگەیاند، پار ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان تورکیا و عێراق 20 ملیار دۆلار بووە. ئامانجیانە ئەم ساڵ قەبارەکە بگەیێننە 30 ملیار دۆلار.