ئەحمەد شەرع: گفتوگۆی ناڕاستەوخۆمان لەگەڵ ئیسرائیلدا هەیە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەسەڵاتی راگوزەری سووریا رایگەیاند، گفتوگۆی ناڕاستەوخۆیان لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیل هەیە بۆ ئەوەی رێگری لەوە بکەن گرژییەکانی ئەمدواییە لە کۆنترۆڵ دەرنەچن.
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی دەسەڵاتی راگوزەری سووریا لە پاریس لەگەڵ ئیمانوێڵ ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا کۆبووەوە و چەند پرسێکیان تاوتوێ کرد. شەرع لە بارەی گرژییەکانی ئەمدواییەی سووریا و هێرشەکانی ئیسرائیل بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، "گفتوگۆی ناڕاستەوخۆمان لەگەڵ ئیسرائیل هەیە، بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە، بۆ ئەوەی رێگری لە گرژییەکان بکرێت لە کۆنترۆڵ دەرنەچن."
رۆژانی 29 و 30ـی نیسانی ئەم ساڵ، گرژیی تائیفی لەنێوان هێزەکانی حکومەتی سووریا و چەکدارانی دروز لە گوندەوارەکانی شاری دیمەشق روویدا، بەهۆیەوە 119 کەس کوژران.
رۆژانی 30ـی نیسان و سەرەتای ئەم مانگە سوپای ئیسرائیل بۆردوومانی چەندین پێگەی سەربازی لە سووریا کرد.
رۆژی 30 نیسان، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا رایانگەیاند، هێرشە ئاسمانییەکە "ئۆپەراسیۆنێکی هۆشداری بووە" کە لە رێگەیەوە "پەیامێکی جیدی" دراوەتە بەرپرسانی باڵای سووریا و پێی راگەیاندوون: "ئیسرائیل ئەو چاوەڕوانییەی هەیە کە سووریا هەنگاو بنێت بە مەبەستی رێگەگرتن لە زیانگەیاندن بە دروزەکان".
ئەم گەشتەی شەرع بۆ پاریس بە یەکەم سەردانی بۆ ئەورووپا دادەندرێت. ئەو لەوێوە بە دوای پاڵپشتی وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپاوە بۆ هەڵگرتنی سزاکان لەسەر وڵاتەکەی بەتایبەت لەسەر کەرتەکانی نەوت، گاز، گواستنەوە، کارەبا و بانکی دایە.