عێراق: رێککەوتنی ناردنی چەکی سووک بۆ لوبنان جێبەجێ نەکراوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی ناوخۆی عێراق رەتیدەکاتەوە "رێککەوتنێکی نوێ و گوماناوی" لەگەڵ لوبنان واژۆ کرابێت بۆ هاوکاریی سەربازیی ئەو وڵاتە و رایگەیاندووە: لە 2023 رێککەوتنێکیان کردووە بۆ ناردنی چەکی سووک بۆ ئەو وڵاتە، بەڵام بەهۆی دۆخی ناوچەکە تاوەکو ئێستا جێبەجێ نەکراوە.
 
هەینی 8ی ئایاری 2026، وەزارەتی ناوخۆی عێراق روونکردنەوەی لەبارەی رێککەوتنێک بڵاوکردەوە کە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گشتیی لوبنان واژۆیان کردووە.
 
بەگوێرەی روونکردنەوەکە، ئەو رێککەوتنە لە ساڵی 2023 واژۆ کراوە و پرسێکی نوێ نییە، کە بەم دواییە ورووژێنراوە.
 
وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاندووە، ئەو رێککەوتنە لە چوارچێوەی هاوکاریی ئەمنی و هاوئاهەنگی فەرمیی نێوان عێراق و لوبناندا بووە، ئەو کاتە لایەنی لوبنانی داوای هاوکارییەکی لۆجستی و ئەمنی کردووە کە چەکی سووک، مۆلیدە و پێداویستیی دیکە بوون بۆ پاڵپشتیی دامەزراوە ئەمنییەکانی لوبنان.
 
ئەو رێککەوتنە لە سەردانێکی حەسەن شەقیر، بەڕێوەبەری ئاسایشی گشتیی لوبنان بووە، کە لە ساڵی 2023 بۆ عێراق کردوویەتی.
 
بە گوتەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، مامەڵەکردن لەگەڵ داواکارییەکانی لوبنان بەپێی چوارچێوەیەکی یاسایی و فەرمی کراوە و لەو کاتەدا رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق وەرگیراوە؛ بابەتەکەش لە دەرەوەی رێکارە حکومییەکان یان بە نهێنی نەبووە وەک ئەوەی ئێستا بانگەشەی بۆ دەکرێت.
 
ئەو کاتەی رێککەوتنەکە کراوە، لوبنان کەوتبووە دۆخێکی ناهەمواری ئابووری بەهۆی دابەزینی بەهای لیرەی لوبنانی بەرامبەر دۆلار.
 
لە راگەیێنراوەکەی وەزارەتی ناوخۆی عێراقدا هاتووە: "جێبەجێکردنی رێکارەکانی ناردنی هاوکارییەکان تاوەکو ئێستا نەکراوە، ئەوەش بەهۆی بارودۆخی ئەمنی و ئەو گۆڕانکارییانەی ناوچەکە بەخۆیەوە بینی، لەوانەش هەڵکشانی رووداوەکان و جەنگ لەو ماوەیەدا، کە بووە هۆی راگرتنی رێکارەکان و نەناردنی کەلوپەلەکان".
 
ئەو وەزارەتە دەڵێت: "دووبارە ورووژاندنەوەی ئەم دۆسیەیە لە ئەمڕۆدا وەک پرسێکی نوێ یان پارەدارکردنی گوماناوی، دوورە لە راستییەوە و ورد نییە. چونکە بابەتەکە کۆنە و لە چوارچێوەی کەناڵە فەرمییەکانی حکومەتدا زانراوە، ئامانجیش لێی پاڵپشتیکردنی هاوکاریی ئەمنیی نێوان هەردوو وڵات بووە لە چوارچێوەی رێکارە یاساییە پەسندکراوەکاندا".