ئیمارات چەند مووشەک و درۆنێکی ئێرانی تێکشکاند؛ "سێ کەس بریندار بوون"
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی ئیمارات دەڵێ، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەی توانیویەتی دوو مووشەکی بالیستی و سێ درۆنی ئێران لە ئاسمان تێکبشکێنێت. لە ئەنجامی کەوتنەخوارەوەی پاشماوەی مووشەکەکانیش سێ کەس بریندار بوون.
رۆژی هەینی، 8ـی ئایاری 2026، وەزارەتی بەرگریی ئیمارات لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، سیستمی بەرگرییە ئاسمانیی وڵاتەکەی بەرپەرچی هێرشێکی نوێی ئێرانی دایەوە. بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، سێ کەس لە ئەنجامی کەوتنەخوارەوەی پارچە و پاشماوەی مووشەکە تێکشکێندراوەکان "برینی مامناوەندیان" هەیە.
لەدوای دەستپێکردنی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28ـی شوباتی رابردووەوە، ئیمارات کە هاوپەیمانێکی نزیکی واشنتنە، بووەتە یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی تاران.
ئەمە یەکەم جار نییە لە دوای ئاگربەست، ئێران هێرش دەکاتە سەر ئیمارات. رۆژی سێشەممە، 5ـی ئایاری 2026، وەزارەتی بەرگریی ئیمارات لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "ئێستا بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئیمارات وەڵامی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکان دەدەنەوە کە لە ئێرانەوە ئاراستە دەکرێن."
ئێران رۆژی دووشەممەش بە مووشەک هێرشی کردە سەر بەندەری فوجەیرە و لە ئەنجامدا ئاگرێکی گەورەی تێدا کەوتەوە؛ هەروەها کۆمپانیای نەوتی نیشتمانیی ئیمارات (ئادنۆک) هەمان رۆژ رایگەیاند، یەکێک لە تانکەرە نەوتە بەتاڵەکانی بە درۆنی ئێرانەوە پێکراوە.
وەزارەتی بەرگریی ئیمارات ئامارێکی بڵاوکردەوە و دەڵێ، لە سەرەتای جەنگەکەوە 551 مووشەکی بالیستیی ئێرانی، 29 مووشەکی کروز و 2,263 درۆنیان تێکشکاندووە.
بەگوێرە ئامارە فەرمییەکانی حکومەتی ئیمارات، لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگی ئێرانەوە کۆی بریندارەکان لە ئیمارات گەیشتووەتە 230 کەس.
هەروەها ژمارەی ئەو کەسانەی کوژراون گەیشتووەتە 13 کەس کە 10 کەسییان سیڤیل بوون، 2 کەسیان ئەندامی هێزە چەکدارەکان و یەکێکیشیان بەڵیندەری سەربازیی بووە.