بەرگریی شارستانیی غەززە دەڵێت، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە 10 کەس کوژران

رووداو دیجیتاڵ
 
بەرگریی شارستانیی غەززە دەڵێت، هێرشەکانی ئیسرائیل لە کەرتەکە بوونە هۆی کوژرانی 10 کەس کە دوویان کچن، ئەمە لەکاتێکدایە جەنگی حەماس و ئیسرائیل پێ دەنێتە 21ـەم مانگەوە.
 
رۆژی یەکشەممە 08-06-2025، مەحموود بەسەڵ، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی غەززە رایگەیاند: "دوای ئەوەی هێزەکانی داگیرکار [ئیسرائیل] دەوروبەری کاژێر 6:00ـی بەیانی تەقەیان لە خەڵکی سڤیل کرد، پێنج شەهید و چەندین بریندار لە خان یونس رەوانەی نەخۆشخانەی ناسڕ کران."
 
بەگوتەی بەسەڵ، ئەو کەسانە بەڕێگەوەبوون بۆ ئەوەی بچنە ناوەندێکی دابەشکردنی خۆراک و هاوکاری لە رۆژئاوای رەفەح کە نزیکە لە ناوەندێکی دامەزراوەی مرۆیی غەززە (GHF) کە ئیسرائیل پێشنیازی کردووە و ئەمریکا پشتیوانی لێدەکات. نەتەوە یەکگرتووەکان رەخنەی لەو دامەزراوەیە گرتووە، رەتیکردووەتەوە کاری لەگەڵدا بکات و دەڵێت، خزمەت بە ئامانجەکانی سوپای ئیسرائیل دەکات.
 
لەسەر ئەو رووداوە سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، تەقەی لەو کەسانە کردووە کە بەجۆرێک پێشڕەوییان کردووە، "کە مەترسیی لەسەر سەربازەکان دروستدەکرد."
 
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، ناوچەی دەوروبەری ناوەندەکەی دابەشکردن بە "ناوچەی جەنگ" پۆلێن کرابوو.
 
عەبدوڵڵا نورەدین یەکێکە لە شایەتحاڵەکان و گوتی: "نزیکەی کاژێر 4:30 خەڵک لە بازنەی عەلەم لە رەفەح کۆبوونەوە، دوای نزیکەی کاژێر و نیوێک سەدان کەس بەرەو ناوەندەکە چوون و سوپا دەستی بە تەقەکردن کرد."
 
مەحموود بەسەڵ هەروەها گوتی، پێنج کەسی دیکە کە دوو کچی بچووکیشیان تێدابوو، نزیک کاژێر 1:00ـی بەرەبەیان لە بۆردوومانێکی کامپی مەواسی لە باشووری غەززە کوژران.
 
لە کۆتایی مانگی ئایارەوە دەیان کەس لە ناوەندەکانی دابەشکردن کوژراون.