ئیسرائیل هێرشی کردە سەر باشووری سووریا
رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر ئەندامێکی بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی لە ناوچەی مەزرەعە لە شارۆچکەی بەیت جن لە باشووری سووریا.
سەرچاوە خۆجێیەکان ئاماژەیان بەوە کرد، ئیسرائیل لە ئۆتۆمبێلێکی داوە کە سێ کەسی تێدا بووە، هەرسێکیان برینداربوون و یەکێکیان لە دۆخێکی مەترسیدار دایە.
دواتر روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، کەسێک لە هێرشەکەدا کوژراوە.
حەماس هیچ لێدوانێکی لەسەر هێرشەکە نەبووە.
سێشەممەی رابردووش ئیسرائیل هێرشی ئاسمانیی کردە سەر چەند پێگەیەکی سەر بە حکومەتی سووریا، وەک وەڵامێک بۆ هاویشتنی دوو مووشەک لە سووریاوە بەرەو ئیسرائیل. ئەو کات، یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل گوتی، ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری راگوزەری سووریا بە بەرپرسیار دەزانن.
دیمەشق لە وەڵامدا رایگەیاندبوو کە دەنگۆی هێرش لە سووریاوە بۆ سەر ئیسرائیل راست نییە. جەختیشیکردەوە کە نابێتە هەڕەشە بۆ سەر هیچ ناوچەیەک.
بەڵام دواتر لە میدیای ناوچەکە راگەیێندراوێک بڵاوکرایەوە، گوایە هێزێک بە ناوی "یەکینەکانی شەهید محەممەد زەیف" بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشەکە راگەیاندووە.
ناوی هێزەکە ئاماژەیە بۆ سەرکردەی باڵی سەربازیی حەماس کە ساڵی 2024 لە هێرشێکی ئیسرائیلدا لە غەززە کوژرا.