ئیسرائیل دەڵێت تەرمی محەممەد سنواری دۆزیوەتەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند، تەرمی محەممەد سنوار، سەرکردەی حەماسی لە غەززە دۆزیوەتەوە، ئەمەش دوای سێ هەفتە لە راگەیاندنی هەواڵی کوژرانی لە هێرشێکی ئاسمانیدا.
 
سوپای ئیسرائیل لە راگەیێنراوێکدا دەڵێت: "لە ئۆپەراسیۆنێکی ئامانجداری سوپادا و دوای تەواوکردنی پڕۆسەی ناسینەوە، ئێستا پشتڕاستی دەکەینەوە کە تەرمی محەممەد سنوار لە توونێلی ژێر نەخۆشخانەی ئەورووپی لە خان یوونس دۆزراوەتەوە."
 
سوپاکە دەڵێت، محەممەد سنوار 13ی ئایار لەگەڵ ژمارەیەک ئەندامی دیکەی حەماس کوژراوە. 
 
هەروەها ئاماژە بەوە دەکات، "لە کاتی گەڕان بە نێو توونێلەکاندا، هەندێ کەلوپەلی سنوار و سەرچاوەی زانیاری دۆزرانەوە."
 
ئێفی دەفرین، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند: "لە رێگەی پشکنینی دی ئێن ئەی" پشتڕاستبووەتەوە کە ئەوە تەرمی محەممەد سنوارە. 
 
28ی ئادار، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کوشتنی محەممەد سنواری راگەیاند. 
 
محەممەد سنوار برا بچووکی یەحیا سنوارە کە ئەویش پار لە غەززە کوژرا. 
 
لە دوای کوژرانی سەرکردەکانی دیکەی حەماس، محەممەد سنوار بە خاوەن بڕیاری سەرەکی لە نێو بزووتنەوە فەلەستینییەکە دادەنرا.