هەسەدە رەتیدەکاتەوە شەڕڤانی ناردبێتە ئۆکراینا

رووداو دیجیتاڵ 

هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە ئەو هەواڵانە رەتدەکاتەوە کە بانگەشەی ئەوە دەکەن، ئەمریکا 650 شەڕڤانی هەسەدەی لە فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستانەوە گواستووەتەوە بۆ ئۆکراینا بۆ ئەوەی دژی رووسیا شەڕ بکەن. بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی بەرگریی ئۆکرایناش لە بارەی ئەو دەنگۆیەوە بە رووداوی گوت، "رووسیا لە رابردووەوە هەر شتێکی گوتبێت، راست نەبووە."
 
هەسەدە ئەمڕۆ، شەممە، 8-7-2023 لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "هەندێ میدیا هەواڵی هەڵبەستراو و لایەنداریان بڵاوکردووەتەوە لەبارەی دەنگۆی بەشداریکردنی شەڕڤانەکانی هەسەدە لە شەڕی بەردەوامی ئۆکراینا." هەسەدە دەڵێت، "جەخت دەکەینەوە کە ئەو هەواڵانە ناڕاستن و هیچ بنەماییەکیان لە راستی تێدا نییە."
 
ئەمە لە کاتێکدایە کە رۆژی هەینی، ئاژانسی سپوتنیکی رووسی، لە راپۆرتە هەواڵێکدا گوتی، "سوپای ئەمریکا 650 چەکداری لە رێگەی فڕۆکەی تایبەتەوە، بە چەند جارێک، لە نێوخۆی هەرێمی کوردستانی عێراقەوە بەرەو ئۆکراینا گواستوونەتەوە."
 
هەسەدە دەڵێت، ئەو هەواڵانە "لە لایەن ئەو دەزگایانە بڵاودەکرێنەوە کە بە سەرچاوە متمانەپێــــنـــەکراوەکانیان بەناوبانگن."
بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی بەرگریی ئۆکرایناش کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، رەتیکردەوە ئەو دەنگۆیانە راست بن و  ئەمڕۆ شەممە بە رووداوی گوت، "رووسیا لە رابردووودا هەر شتێکی گوتبێت، راست نەبووە."
 
هەسەدە، سوپای دیفاکتۆی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، هاوپەیمانیی سەرەکیی ئەمریکایە لە رووبەڕووبوونەوەی گرووپە چەکدارە پەڕگیرەکان لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان. 
 
ئەمریکا نزیکەی 900 سەربازی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا هەیە. 
 
لەو کاتەوەی کە لە 24ی شوباتی 2022 هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا دەستیپێکردووە، هاوپەیمانیی ناتۆ بە سەرکردایەتیی ئەمریکا ناردنی یارمەتیی سەربازیی بۆ ئۆکراینا چڕکردووەتەوە. 
 
ئاژانسە هەواڵییە رووسیەکە باس لەوە دەکات، گوایە ئەمریکا ژمارەیەک ناوەندی راهێنانی سەربازیی بۆ شەڕڤانانی هەسەدە لە حەسەکە و دێرەزوور کردووەتەوە، بەڵام هێزە زۆرینە کوردییەکە ئەوە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، ناردنی شەڕڤان بۆ ئۆکراینا "لەگەڵ کارە لەپێشینە نیشتمانییەکانمان و خەباتی ئێمە لە نێو سووریادا بۆ پاراستنی ناوچەکە و خەڵکەکەی ناگونجێت. هێزەکانمان هیچ پەیوەندییەکیان بە پرسەکانی دەرەوەی سووریاوە نییە."