پێنج سەربازی ئیسرائیل لە غەززە کوژران
رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل کوژرانی پێنج سەربازی خۆی لە باکووری کەرتی غەززە راگەیاند.
راگەیێندراوێکی سوپاکە ئاماژە بەوە دەکات، شەوی رابردوو، بۆمبێکی چێنراو لە شاری بەیت حانوون لە باکووری کەرتی غەززە، بە سەربازەکانیدا تەقیوەتەوە، لانیکەم پێنجیان کوژراون و 14ی دیکەش بریندار بوون.
میدیای ئیسرائیل رووداوەکەی بە "نائاسایی" و "سەخت" ناوبردووە.
بە گوتەی سوپای ئیسرائیل، سەربازەکان لە نێو تانک و زرێپۆشدا نەبوون، بەڵکو کاتێک بە پێ بەرەو شوێنێک دەچوون، بۆمبەکەیان پێدا تەقیوەتەوە.
لێکۆڵینەوەیەکی فەرمی لەبارەی رووداوەکەوە دەستیپێکراوە.
کاتێک کە سەربازەکانی دیکە بە هانایانەوە چوون، تەقەیان لێکراوە. لەو 14 سەربازەی برینداربوون، دووانیان تەندروستیان ناجێگیرە.
سوپای ئیسرائیل ئاماژە بەوە دەکات، پێش ئەوەی سەربازەکانی بنێرێتە شوێنەکە، لە رێگەی فڕۆکەی جەنگییەوە بۆردوومانی کردبوو.
هەندێ سەرچاوەی میدیایی ئیسرائیلی ئاماژە بەوە دەکەن، کە ژمارەی کوژراوان شەش کەسە و سەربازێکیش بێسەروشوێنە.
بە راگەیاندنی کوژرانی پێنج سەرباز لە لایەن سوپای ئیسرائیلەوە، کۆی گشتی ژمارەی ئەو سەربازانەی لە دوای دەستپێکردنی هێرشی زەوینی بۆ سەر غەززە لە کۆتایی تشرینی یەکەمی 2023ـەوە کوژراون، گەیشتە نزیکەی 440 سەرباز.