ئیسرائیل بەرپرسێکی حەماس لە باشووری لوبنان دەکاتە ئامانج
رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، بەرپرسێکی باڵای بزووتنەوەی حەماسی لە شاری تەرابلووسی باکووری لوبنان کردووەتە ئامانج.
رۆژی سێشەممە 8ی تەممووزی 2025 سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای وڵاتەکەی بەرپرسێکی باڵای بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی لە باکووری لوبنان کردووەتە ئامانج، بێ ئەوەی هیچ وردەکاریی زیاتر لەبارەی ئەو هێرشە بدات.
بەگوێرەی میدیای ئیسرائیل، لە ئەنجامی هێرشەکەدا سێ کەس کوژراون و بریندار بوون، بەڵام تاوەکو ئێستا ناسنامەی ئەو بەرپرسە ئاشکرا نەکراوە کە کراوەتە ئامانج و دیاریش نییە لە کوژراو یان بریندارەکانە یان نا.
وەزارەتی تەندروستیی لوبنان بڵاویکردەوە، دوو کەس لە هێرشەکەدا کوژراون.
هەر رۆژی سێشەممە، ئیسرائیل بەئامانجکردنی پێگەیەکی حیزبوڵڵای لە باشووری لوبنان راگەیاند و گوتی، دوو چەکداری ئەو گرووپە چەکدارییە کوژراون.
هەفتەی رابردوو جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاند، حکومەتی وڵاتەکەی ئامانجییەتی پەیوەندی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی نوێ لە لوبنان و سووریا دروست بکات و ئەو دوو وڵاتەش ببنە بەشێک لە رێککەوتنی ئابراهام.
رێککەوتنی ئەبراهام لە ساڵی 2020 بە نێوەندگیریی ئەمریکا واژۆ کرا و لە رێگەیەوە ئیسرائیل پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیمارات، بەحرێن، سوودان و مەغریب دروستکرد.