بەشێکی زۆری وڵاتان داوا لە ئیسرائیل دەکەن پلانەکەی تایبەت بە ‌غەززە جێبەجێ نەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

بزووتنەوەی حەماس دەڵێت، ئەو پلانەی حکومەتی ئیسرائیل بۆ کۆنترۆڵکردنی شاری غەززە پەسندی کردووە، "تاوانێکی جەنگیی تەواوە" کە هەڕەشە لە ژیانی نزیکەی "ملیۆنێک کەس" دەکات و گوێنەدانە بە بارمتەکانیش. 
 
لە راگەیێندراوێکی رۆژی هەینیی حەماسدا هاتووە، "ئەو پلانەی ئەنجوومەنی وەزاریی زایۆنی بۆ داگیرکردنی شاری غەززە و دەرکردنی هەموو دانیشتووانەکەی پەسندی کردووە، تاوانێکی جەنگیی تەواوە"؛ هەروەها دەڵێت، ئەمە "درێژەپێدەری سیاسەتی جینۆساید، راگواستنی زۆرەملێ و ئەو کردەوە دڕندانانەیە کە دەچنە خانەی پاکتاوی رەگەزییەوە."
 
حەماس هۆشداریی دەداتە ئیسرائیل "کە ئەو سەرکێشییە تاوانکارییە باجێکی قورسی دەبێت و گەشتێکی خۆش نابێت."
 
گرووپە چەکدارە فەلەستینییەکە باس لەوە دەکات، ئەو پلانەی کابینەی ئەمنیی ئیسرائیل بۆ کۆنترۆڵکردنی شاری غەززە پەسندی کردووە، جەخت لەوە دەکاتەوە کە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و "حکومەتە نازییەکەی" گوێ بە چارەنووسی دیلەکان نادەن، "ئەوەش عەقڵییەتی سووکایەتیکردن بە ژیانی دیلەکان ئاشکرا دەکات بۆ بەدیهێنانی وەهمە سیاسییە شکستخواردووەکان."
 
بەگوێرەی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی چەند رۆژی رابردوو، ئامانجی نەتەنیاهوو لە فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە غەززە، چوونە نێو ئەو ناوچانەیە کە بارمتەکانی تێدا دەستبەسەرن.
 
هێشتا 49 بارمتە لە کەرتی غەززە ماون. سوپای ئیسرائیل دەڵێت 27 کەس لەوانە گیانیان لەدەستداوە.
 
بە گوێرەی وەزارەتی تەندروستیی کەرتی غەززە، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، تاوەکو ئێستا بوونەتە هۆی کوژرانی لانیکەم 61 هەزار و 258 کەس کە زۆربەیان سڤیل بوون.
 
پلانەکەی ئیسرائیل ناڕەزایی نێودەوڵەتی لێکەوتووەتەوە
 
نەتەوە یەکگرتووەکان
 
ڤۆلکلەر تورک، کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای راگرتنی دەستبەجێی پلانەکەی حکومەتی ئیسرائیلی کرد کە بە گوتەی خۆی"ئامانج لێی کۆنترۆڵی سەربازیی تەواوەتیی کەرتی غەززەیە."
 
تورک لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "ئەمە پێچەوانەی بڕیاری دادگای نێودەوڵەتیی دادە کە دەڵێت، پێویستە ئیسرائیل لە نزیکترین کاتدا کۆتایی بە داگیرکارییەکەی بێنێت و چارەسەری دوو دەوڵەت کە لەسەری رێککەوتوون و مافی فەلەستینییەکان لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان، بەدیبهێنێت."
 
یەکێتیی ئەورووپا
 
ئۆرسۆلا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا، داوای لە ئیسرائیل کرد پێداچوونەوە بە پلانەکەدا بکات.
 
ڤۆندێرلاین لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا نووسی، "پێویستە پێداچوونەوە بە بڕیاری حکومەتی ئیسرائیل بۆ فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی لە غەززە بکرێ؛" هەروەها داوای ئازادکردنی هەموو بارمتەکانی کرد و گوتی، دەبێ رێگە بدرێ هاوکاریی مرۆیی "بە شێوەیەکی دەستبەجێ و بێسنوور" بگاتە غەززە.
 
ڤۆندێرلاین گوتیشی، "ئێستا ئاگربەست پێویستە."
 
ئەڵمانیا
 
فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا هەڵپەساردنی هەناردەی ئەو چەکانەی راگەیاند کە رەنگە ئیسرائیل لە غەززە بەکاریان بێنێت.
 
راوێژکاری ئەڵمانیا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "تێگەیشتن لەوەی چۆن پلانی سەربازیی ئیسرائیل دەتوانێ ئامانجەکانی لە کەرتی غەززە بەدیبهێنێت، ئەستەم بووە."
 
مێرتس گوتیشی، "لەم دۆخەدا، حکومەتی ئەڵمانیا تاوەکو کاتێکی دیکە، رێگە بە هەناردەکردنی ئەو کەرەستە سەربازییانە نادات کە رەنگە لە کەرتی غەززە بەکاربهێندرێن."
 
بەریتانیا
 
کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رۆژی هەینی پلانی ئیسرائیلی بۆ "کۆنترۆڵکردنی" شاری غەززە بە "هەڵە" ناوبرد و داوای لە حکومەتی نەتەنیاهوو کرد "دەستبەجێ پێداچوونەوەی" پێدا بکات.
 
ستامەر لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "بڕیاری حکومەتی ئیسرائیل بە هیچ شێوەیەک یارمەتیدەر نابێ بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکە و یارمەتیی دڵنیابوونەوە لە ئازادکردنی بارمتەکان نادات،" هۆشداریشی دا کە "تەنیا دەبێتەهۆی رشتنی خوێنی زیاتر."
 
ئیسپانیا
 
مانوێل ئەلبارێس، وەزیری دەرەوەی ئیسپانیا گوتی، "بە تووندی سەرکۆنەی بڕیاری حکومەتی ئیسرائیل بۆ چەسپاندنی داگیرکارییە سەربازییەکەی لە غەززە دەکەین" و رایگەیاند کە ئەم پلانە "تەنیا دەبێتەهۆی وێرانکاری و ئازاری زیاتر."
 
وەزیرەکە لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا نووسی، "ئاگربەستێکی هەمیشەیی، گەیشتنی بەپەلە و بەرفراوانی هاوکاریی مرۆیی و ئازادکردنی هەموو بارمتەکان کارێکی زۆر پێویستە. ئاشتیی هەمیشەیی لە ناوچەکەدا تەنیا لە رێگەی چارەسەری دوو دەوڵەتەوە بەدی دێت کە دەوڵەتێکی فەلەستینیی راستەقینە و خاوەن توانای مانەوە لەخۆبگرێت."
 
بەلجیکا
 
بەلجیکا رۆژی هەینی رایگەیاند، لەسەر پلانی کۆنترۆڵکردنی شاری غەززە باڵیۆزی ئیسرائیلی بانگهێشت کردووە.
 
ماکسیم پرێڤۆ، وەزیری دەرەوەی بەلجیکا گوتی: "ئامانجەکە روونە، ئەویش دەربڕینی رەتکردنەوەی تەواوەتیی ئێمەیە بۆ ئەو بڕیارە."
 
تورکیا
 
تورکیا رۆژی هەینی داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد پلانی ئیسرائیل رابگرێت و هۆشداری دا کە "گورزێکی کوشندە" لە ئاشتی و ئاسایش دەدات. 
 
لە راگەیێندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی تورکیادا هاتووە، "داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین بەرپرسیارێتییەکانی خۆی لە ئەستۆ بگرێ بۆ رێگریکردن لە جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە کە ئامانجی راگواستنی زۆرەملێی فەلەستینییەکانە لە خاکی خۆیان."
 
سعودیە
 
سعودیە رۆژی هەینی سەرکۆنەی پلانی ئیسرائیلی بۆ "داگیرکردن"ی غەززە و "برسیکردن"ی دانیشتووانەکەی کرد.
 
لە راگەیێندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی سعودیەدا هاتووە، "شانشینی سعودیە بە تووندترین شێوە سەرکۆنەی بڕیاری دەسەڵاتی داگیرکەری ئیسرائیل بۆ داگیرکردنی کەرتی غەززە دەکات و بە شێوەیەکی یەکلاییکەرەوە سەرکۆنەی بەردەوامبوونی تاوانەکانی برسیکردن، کردەوە دڕندانەکان و پاکتاوی رەگەزی دژی گەلی فەلەستینیی برا دەکات."
 
میسر
 
میسر لە راگەیێندراوێکدا کە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەیەوە بڵاوکراوەتەوە، "بە تووندترین شێوە" سەرکۆنەی پلانی ئیسرائیلی کرد و رایگەیاند ئامانج لێی "چەسپاندنی داگیرکاریی نایاسایی ئیسرائیلە بۆ سەر خاکی فەلەستین، بەردەوامیدان بە جەنگی جینۆساید لە غەززە، لەنێوبردنی هەموو بنەماکانی ژیانی گەلی فەلەستین و پووچەڵکردنەوەی مافیان لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ و لەنێوبردنی دۆزی فەلەستین."
 
وەزارەتی دەرەوەی میسر هەنگاوەکەی بە "پێشێلکارییەکی زەق و قبووڵنەکراوی یاسای نێودەوڵەتی و یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی" دانا.
 
ئوردن
 
لە راگەیێندراوێکی دیوانی شاهانەی ئوردندا هاتووە، شا عەبدوڵڵای دووەم لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ مەحموود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستین "جەختی لەسەر رەتکردنەوەی تەواو و سەرکۆنەکردنی ئوردن بۆ ئەم هەنگاوە کردەوە کە چارەسەری دوو دەوڵەت و مافەکانی گەلی فەلەستین تێکدەدات و هەڕەشە لە هەوڵە نێودەوڵەتییەکانی گەیشتن بە رێککەوتنی ئاگربەست و کۆتاییهێنان بە ئازارە مرۆییەکان لە غەززە دەکات."
 
چین
 
چین رۆژی هەینی "نیگەرانیی زۆری" خۆی سەبارەت بە پلانەکە دەربڕی و داوای لە ئیسرائیل کرد "دەستبەجێ جووڵە مەترسیدارەکانی رابگرێت."
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین لە پەیامێکدا رایگەیاند: "غەززە موڵکی فەلەستینییەکانە و بەشێکی دانەبڕاوی خاکی فەلەستینە."