لە قودس/ئۆرشەلیم تەقە کرا و لانیکەم پێنج کەس کوژراون
رووداو دیجیتاڵ
لە رووداوێکی تەقەکردندا لە ئۆرشەلیم/قودس، پێنج کەس کوژران. فریاگوزاریی ئیسرائیل دەڵێت، پێنج کەسی دیکە بە سەختی بریندارن و دۆخیان ناجێگیرە.
رۆژی دووشەممە، 08-09-2025، فریاگوزاریی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، لە رووداوێکی تەقەکردن لە ئۆرشەلیم/قودس چەند کەسێک برینداربوون و ژمارەی کوژراوانیش گەیشتە پێنج کەس.
سەرەتا دەزگەکە رایگەیاندبوو، 15 کەس برینداربوون.
رووداوەکە لە نزیک رێگەیەکی خێرا بوو و لەکاتی چوونی خەڵک بوو بۆ سەر کار. ئەوکات رێگەکە قەرەباڵخ بوو و ئۆتۆمبێلێکی زۆری لێبوو.
بەگوێرەی زانیارییە بڵاوکراوەکان، یەکێک لە کوژراوەکان پیاوێکە لە پەنجاکانی تەمەنی دایە و دوو کەسی دیکەش تەمەنیان نزیکەی 30 ساڵە.
پۆلیسی ئیسرائیل لەبارەی ئەو کەسانەی تەقەیان کردووە زانیاریی زۆری بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام گوتی دوو تەقەکەریان کوشتووە. واتە کۆی گشتیی کوژراوەکان بە تەقەکارانەوە، تاوەکو ئێستا 7 کەسن.
بەگوێرەی پۆلیس، دوو تەقەکەرەکە بە ئۆتۆمبێلێک چوونەتە چواڕیانی رامۆت، لەوێ تەقەیان لە وێستگەیەکی پاس کردووە کە خەڵکی تێدابووە. دواتر، پۆلیسێک و سڤیلێک کە چەکی پێبووە، تەقەیان لەو دوو کەسە کردووە.
پۆلیسی ئیسرائیل بڵاویکردەوە: "هێزێکی گەورەی پۆلیس گەیشتوونەتە شوێنەکە، یەکەی پووچەڵکردنەوەی بۆمب لەوە دڵنیا دەبنەوە ناوچەکە ئارام و سەلامەتە، تیمەکانی دادپزیشکیش بەڵگە کۆدەکەنەوە."
نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، ئێستا سەرۆکوەزیران لە کۆبوونەوەدایە و دۆخەکە هەڵدەسەنگێنن.
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا راگەیاند: "ئەڵمانیا بەو هێرشە ترسنۆکانەیە شۆك بووە."