رەئیسی: ئێران پاڵپشتی لە گەلی فەلەستین دەکات

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت، ئێران پاڵپشتی لە مافی بەرگریی لەخۆکردنی فەلەستینییەکان دەکات و ئیسرائیل بە "مەترسی بۆ سەر ناوچەکە" ناودەبات. 
 
رۆژی یەکشەممە، 8ـی تشرینی یەکەمی 2023، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران قسەی لەگەڵ هەریەکە لە زیاد ئەلنەخالە، سکرتێری گشتیی بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی و ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزوتنەوەی حەماسی فەلەستین کرد. بەگوێرەی میدیای ئێرانیش، تاوتوێی دوایین پێشڤەچوونی شەڕی نێوان ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین کراوە. 
 
لەدوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە، میدیای فەرمیی ئێران لەسەر زاری رەئیسی رایگەیاند، "ئێران پاڵپشتی لە مافی شەرعیی بەرگریکردن لە گەلی فەلەستینی دەکات." 
 
رەئیسی دەشڵێت، "رژێمی زایۆنی و پاڵپشتیکارانی بەرپرسن لە ئاسایشی وڵاتانی ناوچەکە و دەبێت لەم بابەتەدا لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت." 
 
پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی ئیبراهیم رەئیسی لەدوای ئەو شەڕ و پێکدادانە دێت کە لە رۆژی 7ـی ئەم مانگە لەنێوان فەلەستین و ئیسرائیلدا روویاندا. 
 
کاژێر 6:30 خولەکی بەیانیی رۆژی شەممە، بزوتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"ی راگەیاند، بەشێوەیەکی کتوپڕ نزیکەی پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد. دوا بەدوای هێرشەکانی حەماس، ئیسرائیلیش هێرشی پێچەوانەی ئەنجامدا و دەستی بە بۆردوومانی غەززە کرد. 
 
تاوەکو ئێستا ژمارەی کوژراوانی ئیسرائیل بەهۆی هێرشەکانی حەماسەوە  600 کەس دەبێت، وەزارەتی تەندروستیی ئیسرائیل رایگەیاند، دوو هەزار و 48 کەسی دیکە برینداربوون کە 330ـیان لە دۆخێکی مەترسیداردان. 
 
تاوەکە ئێستا بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلیش بۆ سەر کەرتی غەززە 313 کەس کوژراون و لە کەرتی رۆژئاواش حەوت فەلەستینی بە هۆی هێرشەکانەوە کوژراون. 20 لەو کەسانەی بەهۆی بۆردوومانەکانەوە لە غەززە کوژراون، منداڵن، هەروەها لانیکەم هەزار و 788 کەسی دیکەش برینداربوون کە 121یان منداڵن.