نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ رووداو: پێویستە هەموو سووریاییەک هەست بکات بەشێکە لە داهاتووی وڵاتەکەی
رووداو دیجیتاڵ
ستێفان دووجاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، جەختی لە گرنگیی بەشداریکردنی سەرجەم پێکهاتەکانی سووریا لە داهاتووی وڵاتەکەیان کردەوە. ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە هەفتەی رابردوو حکومەتی سووریا فەرمانێکی کۆماریی بۆ دیاریکردنی پشووە فەرمییەکان دەرکرد کە نەورۆزی لەخۆ نەگرتبوو.
لەسەر پرسی فەرمانە کۆمارییەکەی سووریا سەبارەت بە پشووەکان و فەرامۆشکردنی نەورۆز، دووجاریک بە رووداوی گوت: "ئێمە، بێگومان، ئاگادارین لە دەرچوونی فەرمانی سەرۆکایەتی سەبارەت بە پشووە فەرمییەکان. بۆ ئێمە، وەک چەندین جار گوتوومە، گرنگە دەسەڵاتدارانی سووریا دڵنیا بن لەوەی هەموو سووریاییەک، بەبێ گوێدانە ئایین و نەژادیان، هەست بەوە بکەن لە داهاتووی وڵاتەکەیاندا بەشدارن."
گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دووپاتی کردەوە لەسەر "گرنگیی پشتیوانیکردن لە گواستنەوەیەکی سیاسی باوەڕپێکراو، رێک و پێک و گشتگیر لە سووریا."
لەبارەی پێکدادانەکانی ئەم دواییەی حەلەب لەنێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و هێزەکانی سەر بە دیمەشق، ستێفان دووجاریک ئاماژەی بەوەدا هیچ شیکارییەکی راستەوخۆی لە هاوکارەکانی لە سووریاوە پێنەگەیشتووە: "بە دڵنیاییەوە، هەر پێکدادانێک جێگەی نیگەرانییە بۆمان." نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوام چاودێریی رەوشەکە دەکات و هەوڵدەدات بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و پاراستنی سەقامگیری.
دەقی وەڵامی دووجاریک بۆ رووداو:
رووداو: سوپاس، ستێف. دوو رۆژ لەمەوبەر، پرسیارم لێکردیت لەبارەی فەرمانە کۆمارییەکەی سووریا کە پشووە فەرمییەکانی وڵاتەکەی دیاریکرد و نەورۆزی تێدانەبوو، کە گرنگترین جەژن یان بۆنەی کولتوورییە بۆ کورد. تۆش گوتت هەوڵدەدەیت لەوبارەیەوە وەڵامم بدەیتەوە پرسیاری دووەمیش لەبارەی پێکدادانەکانی ئەم دواییەی حەلەب بوو لەنێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و هێزەکانی سووریا. ئایا نەتەوە یەکگرتووەکان نوێنەرایەتییان لەو ناوچەیەدا هەیە؟ وە ئایا دەزانین چی روویدا و هۆکاری ئەو پێکدادانانە چی بوو؟
ستێفان دووجاریک: من هیچ شیکارییەکی راستەوخۆم لە هاوکارانم لە سووریاوە پێنەگەیشتووە لەبارەی ئەوەی چی بووە هۆی ئەو پێکدادانانە. بە دڵنیاییەوە، هەر پێکدادانێک جێگەی نیگەرانییە بۆمان. سەبارەت بە فەرمانی سەرۆکایەتی، ئێمە، بێگومان، ئاگادارین لە دەرچوونی فەرمانی سەرۆکایەتی سەبارەت بە پشووە فەرمییەکان. بۆ ئێمە، وەک چەندین جار گوتوومە، گرنگە کە دەسەڵاتدارانی سووریا دڵنیا بن لەوەی کە هەموو سوورییەک، بەبێ گوێدانە ئایین و نەژادیان، هەست بەوە بکەن کە لە داهاتووی وڵاتەکەیاندا بەشدارن، و دووپاتی دەکەینەوە لەسەر گرنگیی پشتیوانیکردن لە گواستنەوەیەکی سیاسی باوەڕپێکراو، رێک و پێک و گشتگیر لە سووریا.