لە بۆردوومانێکی ئیسرائیلدا بۆ سەر لوبنان سێ کەس کوژران

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی تەندروستیی لوبنان ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیلدا بۆ سەر لوبنان، سێ کەس کوژراون و چەندین کەسی دیکەش بریندار بوون. 
 
ئیسرائیلیش رایگەیاند، یەکێک لە هێرشەکان "قاچاخچییانی چەکی" کردووەتە ئامانج کە "سەر بە گرووپێکی نزیک لە حیزبوڵڵان".
 
ئاژانسی هەواڵی نیشتمانیی لوبنان بڵاویکردەوە، دوو برا خەڵکی شارۆچکەی شەبعا بوون، لەکاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێلەکەیان لەسەر رێگەیەک لە بناری چیای حەرمۆن لە باشووری رۆژهەڵات، کراونەتە ئامانج، "ئەوەش بووەتە هۆی گڕگرتنی ئۆتۆمبێلەکەیان و گیانلەدەستدانیان."
 
سوپای ئیسرائیل پشتڕاستی کردەوە کە هێرشێکی کردووەتە سەر نزیک شەبعا و دوو قاچاخچیی "کەتیبەکانی بەرگریی لوبنان"ی کوشتووە، کە گرووپێکی هاوپەیمانی حیزبوڵڵایە.
 
سوپاکە رایگەیاند: "تیرۆریستەکان بەشداربوون لە بەقاچاخبردنی ئەو چەکانەی حیزبوڵڵا بەکاریدەهێنێت و چالاکییەکانیان پێشێلکارییەکی ئاشکرای ئەو رێککەوتنانە بووە کە لەنێوان ئیسرائیل و لوبناندا هەن،" کە ئاماژە بوو بۆ ئاگربەستەکەی ساڵی رابردوو.
 
سوپای ئیسرائیل هۆشداریدا و گوتی: "هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل بەردەوام دەبن لە ئۆپەراسیۆنەکانیان بۆ نەهێشتنی هەر هەڕەشەیەک کە رووبەڕووی دەوڵەتی ئیسرائیل دەبێتەوە."
 
وەزارەتی تەندروستیی لوبنان گیانلەدەستدانی ئەو دوو کەسەی لە شەبعا پشتڕاستکردەوە و دواتر رایگەیاند، لە هێرشێکی دیکەدا بۆ سەر ئۆتۆمبێلێک لە گوندی بەرعەشیت لە باشوور، کەسێک کوژراوە و چوار کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
دواتر سوپای ئیسرائیل بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی بەرعەشیتی گرتە ئەستۆ و رایگەیاند، ئەندامێکی حیزبوڵڵای کوشتووە کە "بەشداربووە لە هەوڵەکان بۆ نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی سەربازیی حیزبوڵڵا."
 
بە گوتەی وەزارەتی تەندروستی، بەیانیی رۆژی شەممە، لە هێرشێکی دیکەی ئیسرائیلدا بۆ سەر ئۆتۆمبێلێک لە نزیک نەخۆشخانەیەک لە شاری بنت جبێل لە باشوور، حەوت کەس بریندار بوون.
 
ئەم هێرشە نوێیانە لە کاتێکدان، یەکێتیی ئەورووپاش نیگەرانیی خۆی لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەربڕی سەبارەت بە بەردەوامیی هێرشەکانی ئیسرائیل، سەرەڕای ئاگربەستەکە.
 
ئەنوەر عەنوونی، گوتەبێژی کاروباری دەرەوەی کۆمیسیۆنی ئەورووپا گوتی: "پێویستە هەموو لایەنەکان گرنگی بە پاراستنی ئاگربەست و ئەو پێشکەوتنە بدەن کە تاوەکو ئێستا بەدەستهاتووە."
 
ئیسرائیل دەڵێت، لوبنان زۆر بە خاوی کار بۆ چەککردنی حیزبوڵڵا دەکات و جەخت لەوە دەکاتەوە، کە مافی خۆیەتی ئۆپەراسیۆن ئەنجام بدات بۆ پاراستنی سنوور و هاووڵاتییانی لە هێرش. رۆژی پێنجشەممە، ئیسرائیل پێشوەختە زنجیرەیەک هێرشی لە باشووری لوبنان راگەیاند و داوای لە هاووڵاتییانی سڤیل کرد ناوچە ئامانجکراوەکان چۆڵ بکەن.